هێزەر ناوێرت: عەبادی چاوی بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کەوتووە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان بەردەوام دەبێت لە کارکردن و گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و وتیشی "عەبادی چاوی بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کەوتووە".

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند "عەبادی چاوی بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کەوتووە، هەروەها هەرێم و بەغداد گفتوگۆی سەربازییان ئەنجامداوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان".

ئاماژەی بەوەشدا هەردوولا هەنگاو بۆ لێک نزیکبوونەوە دەنێن و گفتوگۆ و چاوپێکەوتن هەیە لەنێوانیاندا، ئەوەش هەنگاوێکی ئەرێنییە".

هەروەها وتیشی "هەردوولایان لەسەر ئاستی بەرپرسانی جیاواز دیالۆگ دەکەن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی ئەو دیالۆگەی نێوانیان."

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە دەڵێت "كۆمارى عێراق ده‌وڵه‌تێكى فیدراڵیى سه‌ربه‌خۆیه‌ و خاوەن سەروەری تەواوە"، حکومەتی هەرێمیش ڕایگەیاند کە ڕێز لە بڕیارەکە دەگرن.



AM:09:52:18/11/2017