"حەشدی شەعبی لە شەنگال دەكشێتەوە"

بە وتەی فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان لە شەنگال رایگەیاند، حەشدی شەعبی لە بنكەكانی خۆی لە شنگال دەكشێنێتەوە و دەچنە دەرەوەی شارەكە.

حەیدەر شەشۆ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، ''ئێستا حەشدی شەعبی لە بنكەكانی خۆیان لە شەنگال دەكشێنەوە و دەچنە دەرەوەی شار و ئەو بارەگایانەی كە حەشد دەستیان بەسەردا گرتوون، ئێستا چۆڵیان دەكات.''

ئاماژەی بەوەشكرد، ''حەشد كە هاتبوو بۆ شەنگال بە ناشەرعی دەستی بەسەر بارەگاكانی پێشمەرگە و فەرمانگە حكومییەكاندا گرتبوو، بەتایبەت بارەگای فەرماندەیی پێشمەرگە، بەڵام لە دۆێنێوە هەموویان چۆڵكردوون و چوونەتە باشووری شەنگال و بڕیارە تا سەری ئەم مانگە تەواوی شەنگال بەجێبهێڵن.''

شەشۆ ئەوەشی خستەڕوو، ''بەهیچ شێوەیەك كرداری حەشدی شەعبی لە شەنگال جێگای قبووڵ نییە و قبووڵیش ناكرێت، چونكە ئەوان بە شێوەیەكی ناشەرعیانە هێرشیانكردە سەر ناوچە كوردستانییەكان و پێشێلكارییان لەو ناوچانەدا كرد.''




AM:10:31:19/11/2017