بەغدا گۆڕانکاری لە پشکی هەرێم لە بودجەدا دەکات
حکومەتی عێراق گۆڕانکاری لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵی 2018 دا دەکات، لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان و بەدیهێنانی دادپەروەری.
سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی رۆژنامەڤانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوا پێداچوونەوە بە بودجەی ساڵی 2018 دەکرێت و دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان لە ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە، لە رۆژانی داهاتوودا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت".
وتیشی: "بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی، بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەگۆڕدرێت".
تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 دا بە 12.67% دیاریکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا 17% بوو، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی دەکات.
AM:11:35:19/11/2017