بارزانی: بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە

مەسعود بارزانی لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەلایەن دادگای فیدڕڵێیەوە هاتە دەنگ و رایگەیاند "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە"


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو پەیامەیدا ڕایگەیاندووە "دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر كردووە و پێشێلكردنی 55 ماددەی دەستووری لە لایەن حكوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە، كە هەر ئەو پێشێلكردنە بوو گەلی كوردستانی هان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتی مومارەسە بكات".

ئاماژەی بەوەشکردووە "پێویستە هەموو لایەك بزانن هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە، كە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێت، چونكە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە".

بارزانی پێشیوایە، دادگاى فیدڕاڵى بە درێژایی كاركردنی دادگایەكی سیاسیی بووە و بڕیارێكی وای نەداوە كە بێلایەنی پێوە دیار بێت.

لە پەیامەکەدا بارزانی دەلێت "پێوستە گشت لایەك ئەوە بزانن، دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەر لە پەسەندكردنی دەستووری عێراق  دروست كراوە و دەبوایە لە دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005 ئەو دادگەیەی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و دادگەیەك بەپێی پێوەرە دەستوورییەكان كە لە ماددەی 92ـی دەستووردا هاتووە دابمەزرێت".

هەروەها دەلێت: دادگای فیدڕاڵی لە ماوەی كاركردنیدا لەو كردەوانە بێ دەنگ بووە كە لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە، دەبێت ئەو دادگایە ئەوە ڕوون بكاتەوە كە بەپێی كام ماددەی دەستوور هەر لە شوباتی 2014 هەتا ئێستا كەسێك بە یەك ئیمزا بەشە بودجەی گەلی كوردستانی بڕیوە؟

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکیدا رایگەیاند"دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بەوەی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلولی ٢٠١٧ دا نادەستوورییە، کە لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامدرا".

جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە "ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە".



PM:08:47:20/11/2017