"سپی" ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرادەکات

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەبێ ئەندامەكانی پارتی لەو ئەنجومەنە ئەنجامدرا و سێ بڕیار دەرکران.


بەگوێرەی نوسراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە دەست "سپی میدیا" کەوتووە ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە لەسەر سێ خاڵ ڕێککەوتوون.

بەگوێرەی کۆنوسی کۆبوونەوەکە خاڵەکان بریتین لە دژایەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و هەروەها بڕیاردراوە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە شاری كەركوك بەڕێوەبچێت.

لە خاڵێکی دیکەی کۆنوسەکەدا هاتووە دانیشتنێکی تایبەت ساز بکرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو وەرەقەیەی لەلایەن کوتلەی تورکومانیەوە پێشکەش کراوە.

دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە بەشداری سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان جگە لە پارتی کۆبووەوە.

دوێنێ دووشەممە ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاند "كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە دەرەوەی كەركوك دەبێت بەهۆی ئەو دۆخە سەربازیەی بۆی دروستكراوە"

هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە خاوەنی 11 كورسیە لە ئەنجومەنەكە ڕایگەیاند "لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە بەشدار نابین ئەگەر لە شاری كەركوك ئەنجام بدرێت".

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكهاتووە لە 41 ئەندام پێكهاتووە كە 26 ئەندامیان كوردن و لەناو لیستی برایەتیشدا 11 ئەندامیان پارتین.



PM:05:59:21/11/2017