شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیاکانی نالیا و چاڤی لاندی فرۆشت و دەستبەرداری ئێن ئاڕ تی بوو

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لاند و کەنالەکانی NRTو چاڤی و کۆمپانیای نالیای فرۆشت و دەستبەردرای کەناڵەکانی نالیا بوو.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی شاسوار عەبدولواحید

ماڵئاوا ئێن ئار تی ..... نالیا

پاش ئەزمونی ١٠ ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای نالیا و کاری وەبەرهێنان و جێبەجێ کردنی چەندین پرۆژەی نیشتەجێبون و گەشتیاری و دواتریش پرۆژەی میدیایی ، بە هەمو لایەکی رادەگەێنم کە ئەمڕۆ رێکەوتی ٢٠١٧/١١/٢١ تەواوی گروپی کۆمپانیاکە و پرۆژە بازرگانیەکان و پشکەکانم لە پرۆژەی چاڤیلاند فرۆشت بە دوو کۆمپانیای بیانی و دەستبەرداری بووم ، وە جگە لەوەش دەستبەرداری تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای نالیا بۆ کاری میدیایی بووم (کە خاوەنی کەناڵەکانی ئێن ئار تییە ) و لەم چەند رۆژەدا ئیدارەی تازە سەرپەرەشتی کەناڵەکانی ئێن ئار تی دەکەن و چیتر بەندە هیچ پەیوەندیەکم بەو پرۆژە میدیاییە و کەناڵەکانی ئێن ئار تیەوە نەماوە .

سەبارەت بە پرۆژە بازگانیەکان و کۆمپانیاکانیش ، مامەڵەی فرۆشتنی کۆمپانیاکان تەواو بوون و تەواوی پرۆژەکان لە داهاتودا رادەستی خاوەنی تازەی کۆمپانیاکان دەکرێت .

دڵتەنگم کە ئێستا دەستبەرداری شتیک بووم کە چەندین ساڵە لە هەوڵی دروستکردنیدا بووم , بەڵام خەونی نەوەی نوێ پاڵنەرێکی گەورەیە کە وای لێکردووم نەک دەستبەرداری کۆمپانیا و بەرژەوەندیەکانم بم ,بەڵکو دەستبەرداری خودی ژیانیشم بم لە پێناویدا ، چونکە پێم وایە ئەم قۆناغە تازەیە و ئەو ئامانجە گەورەیەی کە لەگەڵ هاوکارانم کاری بۆ دەکەین و لە خەیاڵماندایە ، زۆر زۆر گەورە ترە لە پرۆژەکانی پێشوو و دەستکەوتەکانی ١٠ ساڵی رابردووم .

گروپی کۆمپانیاکانی نالیا لەم ساتەدا و پێش ئەنجامدانی مامەڵەی فرۆشتنەکە بڕی (٤٧،٦٨٤،٨٠٠$) (چل و حەوت ملیۆن و شەش سەد و هەشتاو چوار هەزار و هەشت سەد دۆلار) قەرزی لای خاوەن یەکە و هاوڵاتیان و کەس و کۆمپانیا هەیە ، وە بایی بڕی (٧٩،٢٤٠،٠٠٠$) (حەفتا و نۆ ملیۆن و دوو سەد و چل هەزار دۆلار) یەکەی نەفرۆشراوی هەیە کە قیمەتی هەردوو بڕە قەرز و یەکەی نەفرۆشراو دەکاتە (١٢٦،٩٢٤،٨٠٠$) (سەد و بیست و شەش ملیۆن دۆلار و نۆ سەد و بیست و چوار هەزار و هەشت سەد دۆلار) و لە بەرامبەریشدا کۆمپانیاکان بڕی ٢،٩١١،٤٠٠ دۆلار (دوو ملیۆن و نۆسەد و یانزە هەزار و چوار سەد دۆلار) قەرزارە لەم ساتەدا ، جگە لەوەی کە بەهای کۆمپانیا و پرۆژەکانی کە کاری خەمڵاندنی بۆ کراوە لە لایەن کۆمپانیا بیانیەکە (کە پێشتریش لە رێی مامەڵەی بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەوە خەمڵاندنی بەهای بۆ کرابوو ) بەهای کۆمپانیاکان و پرۆژەکانی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا بە هەمو جۆرە پرۆژەکانی ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان بە بری (٦٨١،٠٠٠،٠٠٠$) (شەش سەد و هەشتا و یەک ملیۆن دۆلار ) خەمڵێندراوە ، وە لەمەودوا ئیدارەی تازەی کۆمپانیاکان خۆیان پرۆژەکان بەرێوە دەبەن و شێوازی کارکرد دیاری دەکەن و تەواوی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی کە مامەڵەی کرین یان فرۆشتن یان بەڵێندەرایەتیان هەبوە لەگەڵ گروپی کۆمپانیاکانی نالیادا .

هیوام خۆشی و سەرکەوتنی ئیدارەی تازە و تەواوی کارمەندان و بەرپرسانی گروپی کۆمپانیاکانی نالیایە (بە هەمو پرۆژە نێشتەجێیی و گەشتیاری ەمیدیاییەوە ) ، رێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە رۆژێک کاریان لەگەڵدا کردوین ، چ ئەوانەی کە ئێستا لەگەڵماندا ماون و چ ئەوانەیشی لە بەر هەر هۆکارێک بێت لەگەڵماندا نەماون ، وە رێزی بێ پایەنم هەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە رابردودا هاوکارمان بوون و دۆستمان بوون و پشتیوانمان بوون لە پرۆژەکان و کاریان لەگەڵدا کردوین ، وە هەروەها هیوای سەرکەوتن بۆ پرۆژە میدیاییەکەی نالیا دەخوازم و هیوادارم بەردەوام وەک میدیایەکی جیاواز لە هەرێمی کوردستان و عێراق بمێننەوە و هەر وەک چۆن لە رابردودا توانیویانە میدیایەکی جیاواز بن و خزمەتێکی باشیان کردوە بە میدیای ئازاد و بواری رۆژنامەوانی و کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان .

شاسوار عەبدولواحید قادر


PM:09:11:21/11/2017