حەریری گەڕایەوە لوبنان

سەعد حەریری، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی لوبنان، گەڕایەوە بەیرووت و لە مەراسیمی ساڵیادی راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەكەی بەشدارە.

دوای سێ هەفتە لەدەستلەكاركێشانەوە لەناكاوەكەی لە سعودیە حەریری گەڕایەوە لوبنان و بەبێ هیچ پێشوازییەكی فەرمی لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریرییەوە راستەوخۆ چووە سەر مەزاری باوكی كە پێشتر سەرۆك وەزیرانی لوبنان بوو.

حەریری كە لە فەرەنساوە بەرەو لوبنان گەڕایەوە، لە قاهیرە بۆ دیدارێكی كورت لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆك كۆماری میسر لایدا و دواتریش بەر لەوەی بگاتەوە لوبنان لە قوبرسیش بۆ ماوەیەكی كورت وەستا.

حەریری رۆژی 4-11-2017 لە ریازی پایتەختی سعودیە، لە هەڵوێستێكی چاوەڕوان نەكراودا وێڕای رەخنەگرتنی تووند لە ئێران و حیزبووڵای لوبنان، دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند و وتی، "لەبەرئەوەی پارێزراو نییە ناگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی."

دواتر و پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە پاریس رایگەیاند، بۆ ئاهەنگی یادی سەربەخۆیی لوبنان كە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، دەگەڕێتەوە بەیروت.




PM:12:13:22/11/2017