بەرپرسێكی یەكێتی تیرۆركرا

لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە كە گومان دەكرێت داعش بن بەرپرسێكی یەكێتیی تیرۆركرا، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینیش وردەكاری ڕوداوەكە ئاشكرادەكات و ڕاشیدەگەیەنێت، "لێكۆڵینەوەی ورد دەكەین".

میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەم لە گوندی شیرك-ی سەربە قەزای خانەقین چەند چەكدارێكی نەناسراو هاووڵاتی عەلی حسێن مەعروف، ئەندامی كۆمیتەی ئازادی سەربە مەڵبەندی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یان تیرۆر كردوە.

میدیای یەكێتی نوسیویشیەتی "عەلی حسێن مەعروف یەكێكە بووە لە كادیرە چالاك و كارامەكانی كۆمیتەی ئازادی لە خانەقین لەدوای شەهیدكردنی، مەڵبەندی خانەقین بەرەسمی داوای لە دەزگا ئەمنییەكانی عیراق كردوە، بە پەلە لێكۆڵینەوەی ورد لە تیرۆر كردنی ئەو ئەندامەی یەكێتی بكەن لە دەڤەرەكەو بكوژانی دەستگیر بكەن و بدرێنە دادگا".

سەرچاوەیەك بۆ "سپی میدیا" ئاماژەی بۆ ئەوەكرد عەلی حسێن مەعروف كە هاوكات موختاری ئەو گوندەیە لەلایەن چەند چەنكدارێكی داعشەوە كوژراوە



PM:12:46:22/11/2017