وەزارەتی دارایی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد بڕی ملیارێك و 160 ملیۆن دیناری دیكەی بۆ بەنداوی دەربەندیخان و قوتابخانە زیانلێكەوتووەكانی رووداوی بوومەلەرزە دابینكرد.

لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابووری كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاشكرایكردووە "وەك قۆناغی دووەم بۆ چارەسەركردنی ئەو گیروگرفتانەی كە لە ئەنجامی بوومەلەرزە هاتووەنەتە ئاراوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران،‌ بڕی 160 ملیۆن دینار تەرخانكرا بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی كە لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە ناوچەكانی گەرمیان و دەربەندیخان لە لە ئەنجامی بوومەلەرزە زیانی بەركەوتووە".

وەزارەتی دارایی و ئابووری راشیگەیاندووە، "لە هەمانكاتدا بڕی 1 ملیار دینار تەرخانكرا بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان".

رۆژی دووشەممە 20ی تشرینی دووەم وەك پێشینەی بەردەست بۆ راپەڕاندنی ئیش و كارە هەنووكەییەكان، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی ملیارێك و 300 ملیۆن دیناری بۆ بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، دەربەندیخان تەرخانكرد.




PM:01:29:22/11/2017