ڤیدیۆ.. بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ گۆرانیبێژێكی میسڕی دەردەچێت


گۆرانیبێژێکی میسری بەناوی شەیما بەهۆی ڤیدیۆی کلیپە نوێیەکەیەوە بەناوی (عندي ظروف) بڕیاری دەستگیرکردنی دەدرێت.


بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، دواین ڤیدیۆ کلیپی (عندي ظروف ی گۆرانیبێژ شەیما ناڕەزایی زۆری لەلای هەوادارە عەرەبەکانی لێکەوتەوە، بەوەی دیمەنەکانی ناو ڤیدیۆ کلیپەکە لەگەڵ دابونەریتی وڵاتانی عەرەبیدا ناگونجێت و دورە لە ئادابی وڵاتەوە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت.


هەروەها لە هەواڵەکەدا هاتووە سەندیکای هونەرمەندانی میسری بڕیاری ڕاگرتنی گۆرانیبێژ شەیمایان لە کاری گۆرانی وتن دەرکرد، چونکە لە ڤیدیۆ کلیپەکەدا چەندین دیمەنی وروژێنەری تێدایە، ئەمەش دژی ڕەوشتی کۆمەڵگەی عەرەبییە و هۆکارێکە بۆ تێکدانی ڕەوشتی گەنجان.


گۆرانیبێژ شەیما تازە لە بواری هونەردا کاردەکات هەربۆیە زۆربەی ڕەخنەکان ئاڕاستەی محمد عاتفی شاعیر و ڕامی جمال ئاوازدانەر کراون، چونکە هەردوکیان کاریان بۆ ئەم ڤیدیۆکلیپە کردووە.


دوای چوار ڕۆژ لە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆ کلیپەکە شەیما بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، لە لێدوانێکیشیدا بۆ ڕاگەیاندنە عەرەبیەکان ئاماژەی بەوەدا کە جوڵەکانی لە ڤیدیۆکەدا ئەنجامیداوە لەسەر داوای دەرهێنەرەکە بووە، ئەمەش لەکاتێکدایە دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکە قسەکانی شەیما ڕەتدەکاتەوە.


سەندیکای هونەرمەندانی میسر لە ڕاگەیەندراوێکیاندا ئاشکرایانکرد، ئەو ڤیدیۆ کلیپە بسڕێتەوە و شەیما لە کاری گۆرانی وتن ڕابگیرێت، چونکە ئێمە چەندینجار هونەرمەندانمان ئاگادارکردۆتەوە کە دەبێت جلوبەرگ و جوڵەی هونەرمەندەکان لە کلیپەکانیاندا لەگەڵ دابونەریت و کلتوری وڵاتدا بگونجێت.






AM:10:46:25/11/2017