لەبارەی بەتیرۆرست ناساندنی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان عەلی قەرەداغی هاتە دەنگ

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، لەبارەی بەتیرۆرست ناساندنی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان و 11 كەسایەتی ئیسلامی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند "تەنیا نەتەوە یەكگرتووەكان مافی ئەو پۆلێنكردنەی هەیە".

ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2017، عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی موسڵمان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر، یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان و 11 كەسایەتی ئیسلامییان خستوەتە لیستی تیرۆرەوە، لەكاتێكدا تەنها نەتەوە یەكگرتوەكان مافی ئەوەی هەیە كە ئەم پۆلێنە بكات و لەڕووی یاساییشەوە بڕیاری ئەم وڵاتانە هیچ بایەخێكی نییە و دورە لە واقیعەوە".

ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی موسڵمان وتیشی "یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان بە بەردەوامی ئیدانەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و كارەكانیانی كردووە و لەهەموو جیهان و ئەمریكا و ئەوروپاش هەر رووداوێكی تیرۆرستی روویدابێت هەڵوێستمان هەبووە".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "ڕێكخراوەكەمان زیاتر لە 95 هەزار زانا لەخۆدەگرێت كە لەسەر ئاستی جیهان زۆربەیان ناسراو و ناودارن، باشە ئەگەر ئەمانە هەموویان تیرۆریستبن، كەواتە كێ دەمێنێتەوە".

ئاماژەشی بۆئەوەكرد، تاوانباركردنی ئەوان نەك رێكخراوەكەیان لاواز ناكات، بەڵكو زیاتر متمانە لەلای مسوڵمانان پەیدا دەكات و لە داهاتووشدا دەبێتە مەرجەع بۆ هەموویان لەسەر ئاستی جیهان.



PM:02:17:26/11/2017