وتەبێژی عەبادی نوێترین زانیاری لەسەر ناردنی مووچە رادەگەیەنێت

عێراق رایدەگەیەنێت ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم و رادەستكردنەوەی خاڵە سنورییەكان خاڵی ناكۆكی بەغداد و ھەرێمن. 

سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق بە ماڵپەڕی كوردسات نیوزی راگەیاندووە " ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشینانی ھەرێم خاڵی دیاری ناكۆكییەكانی نێوان بەغداد و ھەرێم نین، ناكۆكییەكان لەسەر  ئەو بابەتە قابیلی چارەسەركردنن و دەتوانرێت میكانزمێك بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو جیاوازییانەی لەسەر ژمارەی مووچەخۆران ھەیە".

وتەبێژی حكومەتی عێراق ئاشکرا دەکات، بە رەسمی وەڵامی حكومەتی ناوەندی نەداوەتەوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكە و دەبێت ھەرێم پابەند بێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە.

 ناوبراو پێیوایە "ناكۆكی ھەیە لە نێوان بەغداد و هەرێم لەسەر پرسی رادەستكردنەوەی دەروازە سنورییەكان و حكومەتی ھەرێم قایل نییە دەروازە سنورییەكانی ھەرێم بخرێتەوە ژێر ركێفی دەسەڵاتی فیدڕاڵی". 

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانیش "حەدیسی" لەو لێدوانەیدا جەختی كردەوە لە پابەندبوونی بەغداد بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و  دەشڵێت بەغداد مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە دەكات ئەگەر ھەرێم دەروازە سنورییەكان رادەست بكات و ئەنجامی ریفراندۆمەكەش بەرەسمی ھەڵوەشێنێتەوە. 

ئاماژەشی دا بەوەی، لەسەردانی وەفدی ھەرێم بۆ بەغداد پرسی رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە یەكلادەكرێتەوە و چاوەڕوانی وەفدی ھەرێمی كوردستان دەكەین بۆ كۆتاییھێنان بەو دوو خاڵە ناكۆكەی نێوانمان.



PM:07:42:26/11/2017