مەلا بەختیار: دووكەڵی پیلانگێڕی ئاسۆی راستییەكانی لەناو حكوومەت و یەكێتی داپۆشیووە

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، یەك ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكەی نەبووە كە دژی ڕیفراندۆم بووبێ و واژۆی هەموویانی لەلایە و دەڵێت " دووكەڵی پیلانگێڕی ئاسۆی راستییەكانی لەناو حكوومەت و یەكێتی داپۆشیووە".

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە وتارێكیدا كە بە ناونیشانی (ئایا تەنگژەی یەكێتی زادەی ریفراندۆمە؟)، باسی لەوە كردووە كە ئێستا دوو مانگ بەسەر ریفراندۆمدا تێپەڕ دەبێت، "هێشتا دووكەڵی پیلانگێڕی رەش رەش ئاسۆی راستییەكانی لەناو حكوومەت و یەكێتی، داپۆشیووە".

ئاماژەشی بەوە داوە "هەموو ئەوانەی پێیانوایە حكومەتەكەمان‌ و ئەزموونەكەمان، لە عێراق ‌و باشووری كوردستاندا، تەنها ریفراندۆم گەیاندویەتییە ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا، راست لەگەڵ ویژدانی خۆیان‌ و رای گشتی ناكەن". 
دەشڵێت "هیچ كوردێك نییە نەزانێ، حكوومەتەكانی كوردستان، هەریەكە لە قۆناغی خۆیدا، تەنگوچەڵەمەی زۆر بووە و بەرەبەرە بەسەریەكدا كەڵەكە كراون. حكوومەتەكانی عێراقیش، یەك لەدوای یەك خۆیان لەجێبەجێكردنی دەستوور و دەربەستی مافەكان، دزیوەتەوە".

 
مەلا بەختیار باسی لە دووەمین كۆنگرەی حزبەكەی كردووە و نووسیویەتی "یانزە ساڵ دوای یەكەمین كۆنگرە، لەساڵی (٢٠٠١)دا دووەمین كۆنگرە گیرا، دووەمین كۆنگرەش كە گیرا، پێشتر لافی ریفۆرم زۆر لێدرا، بەڵام بۆ یەكەمین جارە لەمێژووی كۆنگرەكانی دنیادا، لەبەر بوونی سێ دەستەگەری لەناو كۆنگرە، لەدانیشتنی یەكەمدا، سەركردایەتی ھەڵبژێردرا، نموونەی وا لەدنیادا بوونی نەبووە. ئەمەش بۆ ئەوەی كە جەمسەرەكانی یەكێتی لێكنەترازێن‌ و بۆ رازیكردنیشیان، پرەنسیپ پێشێلكراو، شەش كەس دیسان بەتەسكیە دەرچێنران". 
لەبارەی كۆنگرەی سێیەمی حزبەكەشیان نەیشاردووەتەوە كە سێیەمین كۆنگرەی یەكێتی لە ساڵی 2010 ئەنجام درا، هەوڵێكی زۆر درا بەشێك لەكێشەكانی هەناوی "ئەم رێكخراوە تێكۆشەرە"، بە ریفۆرمی پەیڕەو و پرۆگرام‌ و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوەندی و بە رۆمانسیەتی حزبایەتی، پاكبكرێتەوە و گۆڕانكاری بەدی بێ، بەڵام "رۆژانی كۆنگرە، سیخناخ بوو لە تەكەتول‌ و پارە رشتن‌ و گزیكردن‌ و چەواشەكردنیش. دیسان لەناو كۆنگرە، تەسكیە هێنرایەوە ئارا".

دووپاتیشی كردووەتەوە: نەخۆشكەوتنی مام جەلال، كاریگەرییەكی نالەباری لەسەر ئومێدەكانی چارەسەر جێهێشت. بۆیە، نەك دیاردەی دەستەگەری، چەتەگەری، ساختەگەری‌ و چەواشەگەری، بنەبڕ نەبوون، بەڵكو لەو چەند ساڵەدا، ئەو دیاردە دزێوانە زیاد بوون‌ و جگە لە شەرمەزاریی، هیچیان بۆ یەكێتی نەهێشتۆتەوە".

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە داوە كە "دەستەبازەكانی ناو یەكێتی، لەلایەكەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان پەرە پێداوە و لەلایەكیشەوە هێزی چەكداریی خۆیان، لە هەرلایەكەوە چەكیان پێ دابین كرابێ، بەهێزتر كردووە، دەشپرسێت: دروستكردنی كۆمپانیا و سات‌ و سەودا لەگەڵ كۆمپانیاكان‌ و فرۆشتنی ئاشكرای نەوت، چ پەیوەندییەكی بە پاكێتی‌ و رێبازی مام جەلالەوە ھەیە؟.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا مەلا بەختیار باسی لە ڕیفراندۆم كردووە و نووسیویەتی "دوای كاردانەوەی دەوڵەتانی جیهان‌ و دەوڵەتانی ئیقلیمی‌ و كارەساتی كەركووك، داڕمانێكی دەرونیی چاوەڕواننەكراو ھاتۆتە ئارا و لەژێر كاریگەرییەكانیدا، بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی‌ و لایەنەكان، ھەروەكو نە بایان دیبێ‌ و نە باران، خۆیان وا پیشاندەدەن كە لە نوكەوە تا كۆتایی، ریفراندۆمیان قبوڵ نەبووە. ئەمەش سەراپا پێچەوانەی راستییەكانە. بەندە، دەتوانم بەرەهاییەوە بڵێم، یەك ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیش نادۆزیتەوە دژی ریفراندۆم بوبێ، واژوی ھەمویانم لەلایە". ڕوونیشی كردووەتەوە: ”لەوماوە دورودرێژە، یەك ئەندامی سەركردایەتی‌ و مەكتەبی سیاسی نییە، پێش ریفراندۆم، وتارێكی دژی ریفراندۆم نووسیبێ، یان لێدوانێكی دژی ریفراندۆم دابێ. بۆ؟ چونكە لە كۆبوونەوە رەسمییەكاندا، دەنگیان بە ریفراندۆم داوە".

 دووپاتیشی كردووەتەوە كە "ریفراندۆم خیانەت نییە، ریفراندۆم یەكەمین ئەزموونی دیموكراسییە كە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ و كوردستاندا گەلێكی ستەملێكراو، ئەنجامی دابێ".

مەلا بەختیار هەر لەو وتارەدا ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بە كارەسات وەسفی كردووە و نووسیویەتی: دوای كارەساتی كەركووك‌ و لێكەوتە نالەبارەكانی سیاسی، ئابووری، عەسكەری، دەروونی‌ و ئەمنی، دوای ئەوەی جێگۆڕكێ بەهەموو بەرژەوەندی‌ و جەمسەرەكانی دەستەگەری كرا، دژەكان، یەكێتیی دژەكانیان دروستكرد و سەرەتاتكێ لەگەڵ ھەموو وڵاتێك، بۆ سەپاندنی نەخشە نابەجێكان دەكرێ كە ھەموو ئەو بەھایانە لەدەست دران‌ و كێشە ناوخۆییەكان بەبێ ڕەچاوكردنی باری بابەتی مەترسیداری دوای كارەساتی كەركووك، بەناوی گۆڕانكارییەوە پیلانگێڕی جەمسەرە دژەكان سەرخران، ئیتر قەواعیدی یەكێتی، بەتەواوەتی مافی خۆیانە، تاقە چارەسەر لەبەردەم یەكێتیدا، بەستنی كۆنگرەی دوور لە پیلانگێڕی بزانن".

لە كۆتاییشدا دەڵێت "هەر سەركردەیەك خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە، یان دژی راپەڕاندنی ئەركی بەرپرسیارانە بێ، بۆ پاراستنی یەكڕیزیی حزبەكەی‌ و سازدانی زەمینەی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو، ئەو سەركردەیە، بێگومان دیارە بە پەیژەی چ جۆرە تەكەتولێك بەرزكراوەتەوە، بۆ سەر كورسی سەركردایەتی، ئێستاش دەیەوێ چۆنچۆنی پێگەو بەرژەوەندی هاومەرامەكانی بپارێزێ".



PM:01:22:27/11/2017