مەلا بەختیار: رۆژێكی پێشمەرگایەتی سەنگەری بەرگری لە میلـلەتەكەم ناگۆڕمەوە بە هەموو خۆشییەكانی ئەوروپا

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رەتیكردەوە داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا كردبێت و رایگەیاند، "رۆژێكی پێشمەرگایەتی و سەنگەری بەرگری لە میلـلەتەكەی ناگۆڕمەوە بە هەموو خۆشییەكانی ئەوروپا" 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی كانوونی یەكەمی2017، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری سێمانی، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، پێشوازی لە كۆمەڵێك پێشمەرگەی دێرینی دەڤەری رانیەی حزبەكەی كرد.
 
میدیاكانی یەكێتی بڵاویانكردەوە مەلا بەختیار، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری سێمانی، پێشوازی لە كۆمەڵێك پێشمەرگەی دێرینی دەڤەری رانیەی حزبەكەی كردووە و لە وتەیەكدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای كوردستان و دۆخی ناوخۆی یەكێتی كرد و رایگەیاندووە، ئەم كۆبوونەوانە لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەكان لەسەرجەم ناوچەكان بە گرنگی دەزانن.
 
مەلا بەختیار وتیشی "كۆمەڵێك قسەو دۆخێك لە ئارادان لە كوردستان و ناوچەكەو عیراق، هەموو ئەمانە پێویستیان بە هەڵسەنگاندن هەیە، لە دوای هەڵسەنگاندنیش پێویستە وەك یەكێتی ئەركەكانمان دیاری بكەین، هەر یەكەو بەپێی ئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە سەر شانی، ئەركی خۆی راپەڕێنێت".
 
مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە "ئێمە بۆ ئەوە یەكێتی نین كە لە خۆشییەكان لەگەڵی بینین و لە قۆناغێكی سەخت و ناخۆش بەجێی بهێڵین، بۆیە دەبێت هەموو تێكۆشەرەكان پابەندی حزبەكەی، رێبازی رابەرەكەی كە جەنابی مام جەلال-ە بن و بەرگەی كێشمەكێش، ناخۆشییەكانیش بگرێت".
 
راشیگەیاند:"هەندێك بە ئەنقەست دەیانەوێت كێشە بۆ یەكێتی سەركردەكانی دروست بكەن و تۆمەتی ناڕەوا دەدەن پاڵ تێكۆشەرەكانی، ئەمڕۆ بۆ من و حاكم قادر درۆیان بڵاوكردوەتەوە گوایە داوای پەناهەندەیمان كردوە".
 
وتیشی: "هیچ كاتێك بڕوام بەوە نەبووە تەنانەت لە ئەنفالەكانیشدا، كوردستان جێبهێڵم و بچم لە ئەمریكاو ئەوروپا بژیم".
 
مەلا بەختیار، وتیشی "رۆژێكی پێشمەرگایەتی، سەنگەری بەرەنگاری، سیاسی، رۆشنبیری، بەرگری لە میلـلەتەكەم ناگۆڕمەوە بە هەموو خۆشییەكانی ئەوروپا".
 
تەئكیدیشیكردەوە "پێویستە هەموو تێكۆشەرانی یەكێتی، پێكەوە درێژە بە خەبات بدەین، چونكە تائێستا پیلانگێڕی و ئامانجی بەدینەهاتووی گەلی كورد ماوە كە بەدیانبهێنین".
 
لەبارەی پەیڕەوكردنی رێبازی سەرۆك مام جەلال لە گوتارەوە بۆ كردار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رایگەیاند: پەیڕەوكردنی رێبازی مام جەلال بە لاف لێدان نییە، رێبازی مام جەلال قورسە، ئەركێكی مێژووییە، هێشتا بەشێك لە رێبازەكەی مام بەدیهاتووە.
 
راشیگەیان "رێبازی مام جەلال، سەربەخۆییە، بەدیهێنانی دیموكراسی، دادپەروەری، دژایەتیكردنی گەندەڵیە، بەرەو خانوە قوڕەكانە، (مانمان، سەروەریمان، گەشەكردنمان بەندە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە) ئەمانە رێبازی مام جەلال-ن، هێشتا زۆری ماوە بەدیبێت، ئەگەر هەشبێت تێنەگات كە رێبازی مام جەلال چییە، ئەوا پێشمەرگە دێرینەكان باش دەزانن كە ئەو رێبازە چییە. رێبازی مام بە تەكەتول و هەلپەرستی و گەندەڵی ناپارێزرێت".
 
لەبارەی كۆنگرەشەوە، مەلا بەختیار، وتی: "دەبێت كۆنگرەكی تەندروست، دور لە پیلانگێڕی ببەستین و پێكهاتەو چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی یەكێتی بگۆڕین".
 



AM:10:05:04/12/2017