دابەشكردنی نەوتی سپی لەناو شاری سلێمانی دەستپێدەكات

ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، وادەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر دانیشتوانی سەنتەری شار ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت "ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن بەغداوە رەوانە دەكرێت، كەمە و بەشی پێداویستی ناكات."

مەهدی مەحمود، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە "ئەمڕۆ 4ی كانونی یەكەمی 2017، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی كۆبووینەوەو گفتوگۆمان لەبارەی نرخ و كوالێتی بەنزین و چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو نەوتە سپییەی كە لە بەغداوە رەوانەی سلێمانی دەكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "هەرچەندە ئەو نەوتەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رەوانە دەكرێت، بڕەكەی كەمەو بەش ناكات، بەڵام پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر خێزانەكان بەردەوامە".

لەبارەی وادەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر دانیشتوانی سەنتەری شاری سلێمانی، مەهدی مەحمود پێشبینی كرد لەهەفتەی داهاتووەوە پرۆسەكە لەناو شار دەستپێبكات.



PM:12:26:05/12/2017