وەزارەتی كارەبا هۆشداری لە كوژاندنەوەی وێستگەكانی كارەبا دەدات

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم هۆشداری دەدات لە بەردەوامی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕی گواستنەوەی سوتەمەنی لە كێڵگەی كۆرمۆر بۆتەوە و ڕایدەگەیەنێت لە بەردەوامی ئەو كێشەیەدا "ئەگەری كوژانەوەی یەكەكانی هەردوو وێستگەی كارەبای غازی چەمچەماڵ و هەولێر هەیە".

لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە "بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەلایەن وەزارەتی سامان سروشتیەكانەوە بەدەستمان گەیشتووە چەند هەفتەیەكە هاتوچۆی تەنكەرەكانی گواستنەوەی سوتەمەنی (كۆندسێت) لە كێڵگەی كۆرمۆر رووبەرووی چەند ئاستەنگێك بۆتەوە، كە لەلایەن چەند كەسانێكی ناوچەكەوە رێگری لەكارەكانیان كراوە".

وەزارەتی كارەبا لە درێژەی ڕوونكردنەوەكەیدا دەڵێت "بەهۆی ئەم كارە نایاساییەشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە، دیارە لایەنەكانی تری پەیوەنداری بەرپرس تا ئێستا نەیتوانیوە كێشەكە چارەسەر بكات، بۆیە لەكاتی بەردەوامبوونی ئەو كێشەیە ئەگەری كوژانەوەی یەكەكانی هەردوو وێستگەی كارەبای غازی چەمچەماڵ و هەولێر هەیە ئەمەش لەبەر داخستنی بیرەكانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی".



PM:12:44:05/12/2017