عەبدوڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان بیدەنگی شکاندو دەڵێت " ئەگەر سەركردایەتی دەستڕۆیشتووی پارتی جارێك مونافیق بێت، ئەوا دەستڕۆیشتوانی یەكێتی چەند جارێك مونافیقن".
لە پۆستێکدا بەناونیشانی " هەڵبژاردن و نیفاقی پارتی و یەکێتی " لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، عەبدوڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری گۆڕان لە خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا نووسیوویەتی" نە خواستی پێشخستنی هەڵبژاردنەكان لای پارتی، نە خواستی دواخستنیشی لای یەكێتی لە بەر خاتری بەرژەوەندی گشتی نیە، بەڵكو لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی بنەماڵەیی و حزبییە".
لە درێژەی ئەو پۆستەدا، عەبدوڵا مەلا نوری دەڵێت " ئەگەر سەركردایەتی دەستڕۆیشتووی پارتی جارێك مونافیق بێت، ئەوا دەستڕۆیشتوانی یەكێتی چەند جارێك مونافیقن، چونكە هەر وەك پارتی تەعامول لەگەڵ كۆی كەیسە جیاوازەكان دەكەن، بەڵام لە بەرگی ڕەنگاو ڕەنگدا بە خەڵكی دەفرۆشنەوە".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو هەواڵانەی، كە باس لەوە دەكەن گۆڕان و یەكێتی لە یەك بەرەدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەسڵ و ئەساسی نیە.
مەلانوری جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، "گۆڕان لە هەموو حاڵەتێكدا بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادەیە و لە ئێستاشدا كار لە سەر ئەوە دەكات تۆمارێكی پاكی دەنگدەران یاخود سیستمێكی ئیلكترۆنی پێشكەوتوو، كە ڕێگاكانی تەزویر كردن لە هەڵبژاردنەكاندا كەم بكاتەوە بەكاربهێنرێ".