عابدی نامەیەکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە

بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی ئاشکرای دەکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی نامەیەکی ئاراستەی هەرێم کردووە لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا.

ئەبو وەلا وەلائی بەرپرسی دیاری حەشدی شەعبی و ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی سەیدول شوهەدا بۆ میدیا عێراقییەکانی ئاشکرا کرد " گفتوگۆ سەربازیەكانی نێوان بەغدا و هێزی پێشمەرگە بەهۆی جەنگی ئازادكردنی قەزای قائیم و ڕۆژئاوای ئەنبار ڕاگیران و ئێستاش حەیدەر عەبادی نامەیەكی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی گفتوگۆكان دەستپێبكاتەوە".

ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی وتیشی " لە دوو كۆبونەوەی شاندی بەغدا و هەرێم بەشداری كردووە لە یەكەم كۆبونەوە بێ هیچ گرفتێك بەنداوی موسڵ و بەعشیقەمان لە پیشمەرگە وەرگرتەوە و لە دانیشتنی دووەمیش دا سەرجەم سنوری ئیداری پارێزگای موسڵمان وەرگرتەوە".

ئەبو وەلا وەلائی بەرپرسی دیاری حەشدی شەعبی و ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی سەیدول شوهەدا ئەوەشی خستەڕوو" لە كۆبونەوەكاندا لایەنی كوردی بێ هیچ پێداگریەك ئەو ناوچانەیان ڕادەستكردین، بەڵام سەبارەت بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپور داوای ئیدارەی هاوبەشی ناسراو بە 1: 3 یان دەكرد واتە بوونی یەك پێشمەرگە بەرامبەر بە سێ سەربازی عێراقی بەڵام لایەنی عێراقی ئەوەی ڕەتكردۆتەوە ".

ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی وتیشی بەغدا داوا دەكات بوونی پێشمەرگە تەنها ڕەمزی بێت وەك دڵنیاییەك بۆ هاوڵاتیانی كورد بۆ ئەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێ نەهێڵن.

چاودێران پێیانوایە لەرۆژانی داهاتوودا بەتایبەتی دوای لاوازبوونی رێکخراوی داعش و ئازادکردنی ناوچەکانی قائیم، جارێكی تر حکومەتی بەغدا فشار دەخاتە سەر هەرێم بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دەروازەی فیشاخپور و ئیبراهیم خەلیل.



PM:02:20:07/12/2017