عەلی حەمە ساڵح نرخی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم ئاشکرا دەکات

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ماویەكی نادیار رۆژانە 13 هەزار بەرمیلی نەوت دەدات بە کۆمپانیایەک بە کەمتر لە نرخی بازاڕ.


عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، وێنەی نوسراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بەواژۆی ئاشتی هەورامی بڵاوكردەوەو نوسیویەتی " نەوتی خاوی كێڵگەی شێخان بۆ ماوەیەكی دیاری نەكراو بۆ كۆمپانیایەكە بە نرخی (Brent-18$) دۆلار لەبری قەرزی كاش".

بەپێی نوسراوەكەش، لەسەر فەرمانی وەزیری سامانە سروشتییەكان، بڕیاردراوە بەفرۆشتنی 13 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە وەك بەرزترین ئاست لەنەوتی خاوی كێڵگەی شێخان سەر بەكۆمپانیای (GULF KEYSTONE) كە لەئێستادا لەتوانادا نییە هەناردەی دەرەوە بكرێت، بەكۆمپانیای (عیراق ئۆیل) لەجیاتی قەرزی كاش، بەنرخی  (Brent-18$) بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم پارەیە چەند بوو؟ كەی وەرگیرا؟ چی لێهاتووەو دەشڵێت "زۆر هاوارمانكرد ئەمانە نەوتی ساڵانی ئایندەشیان فرۆشتووەو كەس نازانێت پارەكەی لە كوێیە، بۆیە دڵنیابن مانەوەی ئەمانە لە حوكمدا، كوردستان وێرانتر دەكات".



PM:09:09:07/12/2017