باندێكی دزیكردن لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە ئاشكرا كرا و "باندەكە دانیان ناوە بە دزینی بڕێكی زۆر پارە و زێڕ و ماتۆڕسكیل و كەلوپەلی ناوماڵ و ئەلیكترۆنی".
ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 11ی كانوونی یەكەمی 2017، پۆلیسی هەولێر لەپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە "دوای ئەوەی پۆلیس ئاگاداركرانەوە بەبوونی چەند رووداوێكی دزیكردن لە دەوروبەری شاری هەولێر، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە كردەوە و توانی تۆمەتباران لە ماوەیەكی كەم دەستگیر بكات".
هاوكات سیڤەر عومەر كەریم، ئەفسەری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەحركە رایگەیاند "لە ماوەی رابردوو ئاگارداركراینەوە بە بوونی چەند رووداوێكی دزیكردن لە (شاوێس و پیرزین و بەحركە) پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكان رێكخرا، دەستكرا بە لێكۆڵینەوە، لە ماوەیەكی كەم توانیمان باندێكی دزیكردن دەستگیر بكەین".
هەروەها سێ تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە بەناوەكانی "(ن، ع، ع) تەمەن (19) ساڵ و (ا، ح، ا) تەمەن (18) ساڵ و (ا، ع، م) تەمەن (20) ساڵن و دوای دەستگیركردنیشیان دانیان ناوە بە تاوانەكانیان كەوا هەستاون بە دزینی بڕێكی زۆر پارە و زێڕ و ماتۆڕسكیل و كەلوپەلی ناوماڵ و ئەلیكترۆنی و زۆربەی دزیەكانیشیان لە ناحیەی پیرزین ئەنجام داوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ سێ تۆمەتبارەكە رێكخرا و رەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەر بڕیاریدا بە بەندكردنی تۆمەتباران بە ماددەی (443) لە یاسای سزادان".