چەكدارانی سەرایە سەلام چەكەكانیان ڕادەستی حكومەت دەكەن

ڕێبەری رەوتی سەدر فەرمانیدا باڵی سەربازیی رەوتەكەی، چەكەكانیان ڕادەستی حكومەتی عێراق بكەن و بارەگاكانیان دابخەن.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر ڕایگەیاند "پێویستە هەموو ناوچە كۆنترۆلكراوەكان بێجگە لە سامەرا، رادەستی سوپای عێراق بكرێنەوە، بۆیە داوا لە چەكدارانی سەرایە سەلام باڵی سەربازیی رەوتی سەدر دەكات بێجگە لە سامەرا تەواوی بارەگاكانیان لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق دابخەن" .

موقتەدا سەدر داوای لە گروپەكانی ناو حەشدی شەعبی كرد ئەوانیش چەكەكانیان رادەستی حكومەت بكەن، وتیشی "نابێت هیچ سەركردەیەكی ناو حەشدی شەعبی، بەشداری كێبڕكێی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكات و پێویستە بەكارهێنانی دەستەواژەی حەشدی شەعبی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا قەدەغە بكرێت".



PM:02:07:11/12/2017