وەزارەتی دارایی دوایین زانیاری لەبارەی موچەی مانگی ئەیلوولەوە ئاشكرادەكات

بریكاری‌ وەزیری‌ دارایی‌ و ئابووری‌ بەوەكالەت رایگەیاندووە، لیستی دابەشكردنی مووچەی‌ ئەیلول بڵاودەكەنەوە، بەڵام كاتەكەی‌ ئاشكرا نەكردووە.

كەناڵی‌ كوردستان 24ی‌ كە كەناڵێكی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویكردەوە، پەیامنێریان پرسیاری دواكەوتنی مووچەی مانگی ئەیلولی‌ لە رابەر سدیق، بریكاری‌ وەزیری دارایی و ئابووری بە وەكالەت كردووە، ناوبراو وتویەتی‌ "خشتەی دابەشكردنی مووچە بڵاودەكەینەوە و مووچە دابەش دەكەین"، بەڵام وادەكەی ئاشكرا نەكردووە.

ئەوەش  لە كاتێكدایە ئەمڕۆش ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە سەرۆكایەتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ كۆبووەوە و تەوەری‌ سەرەكیش تاوتوێكردنی‌ مووچە بوو.

هاوكات دوێنێ عیزەت سابر، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "سەبارەت بە موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی هەرێم بەدواداچوونمان كردووە، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە هیچ زانیاریەكمان پێنادرێت و بەفەرمی پێیان ڕانەگەیاندووین كەی موچەی مانگی ئەیلول دەدرێت".

سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی "بەپێی پێشبینیەكانمان و ئەوەی دەیبیستین لە سەرچاوە نافەرمیەكانەوە هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلولی موچەخۆران".

ئەوەش لەكاتێكدایە زیاتر لە 45 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی ئابی وەزارەتی پێشمەرگەدا تێپەڕ بووە و لەدوای ڕیفراندۆمیشەوە تەنها یەك موچە دابەش كراوە.



PM:03:19:11/12/2017