وەزارەتی دارایی ڕێنماییەکی نوێی دەرکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێنمایی دارایی ژمارە (26)ی ساڵی (2017)ی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە ڕاگرتنی دانان و دامەزراندن فەرمانبەران.


بەگوێرەی ڕێنماییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە واژوی ڕابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی بەوەکالەتی لەسەرە، تایبەتە بە ڕاگرتنی دانان و دامەزراندن لە بڕیدانان بۆ مووچەخۆر.

لە ڕێنماییەکەی وەزارەتی داراییدا ھاتووە، ئاماژە بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 121 لە 2017/11/20 و نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 5114 لە 2017/11/26 بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی دانان و دامەزراندن لە بڕی دانان بۆ مووچەخۆر لە گشت بوارەکان کە پارە لە بوودجەی گشتی وەردەگرێت لەژێڕ ھەر ناونیشانێکدا بێت و بەھەرشێوەیەک لە (مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ھاوکاری، خانەنشینی، مووچەی کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە مووچە خۆری ھەمیشەیی و کاتی و گرێبەستیشەوە) لە کاتی چۆڵبوونی میلاکی ھەر مووچەخۆرێک بە ھیچ شێوەیەک و لەژێر ھیچ پاساوێکدا جێگەکەی پڕ ناکرێتەوە.

لە ڕێنماییەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، ھەر بڕیارێک و فەرمانێک پێچەوانەی ئەم بابەتە دەربچێت، کاری پێ ناکرێت و بە ھەڵوەشاوە دادەنرێت و ئەو کەسەشی بە پێچەوانەی ئەم بابەتە دادەمەزرێندرێت، ھیچ مافێکی ناکەوێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

وەزارەتی دارایی جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئەم ڕێنماییە لە بەرواری 2017/11/20ەوە کاری پێ دەکرێت.



AM:10:26:12/12/2017