ژمارەیەك شەمعە و بیر بەهۆی ژەهراویبوونەوە داخران

بەھۆی ژەھراوی بوون و نەگونجانیان بۆ خواردنەوە ژمارەیەكی زۆر بیر و شەمعەی ئاوی ڕێگەپێنەدراو لە سلێمانی داخران و سەرۆكی لیژنە ھاوبەشەكانیش دەڵێت "ئەو ئاوە بە ئاوی خواردنەوە فرۆشراوە".

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە وێنەیەكی بۆ"سپی میدیا" نێردراوە و تیایدا گۆران قادر سەرۆكی لیژنە ھاوبەشەكانی قایمقامیەت ڕایگەیاندووە "بەھۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوە و بەكارھێنان، لەلایەن لیژنەی شەمعەكانی سەربەلیژنە ھاوبەشەكانەوە ٣٩ بیرو شەمعەی نایاسایی داخراون كە پێشتر چەند جارێك ئاگاداركراونەتەوە لەنەفرۆشتنی ئەو ئاوە كە بەئاوی خواردنەوە فرۆشراوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە "بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بەشێك لەو ئاوەی ھاوڵاتیان بۆ خواردنەوە بەكاریدەھێنن ھەروەھا پاراستنی تەندروستیان، تەواوی ئەو بیرە نایاساییانە داخران كە ئاوەكەیان كوالێتی نییەو بۆ خواردنەوە ناشێت و بەشێك لەو شەمعانەی بەنایاسایی دروستكراون و سەرچاوەی ئاوەكەیان، ئاوەڕۆی تانجەرۆیە".

وتووشیەتی "ئاوەڕۆی تانجەرۆ، لەتێكەڵبونی ئاوەڕۆی ناوچەكانی دانیشتوان و كارگەكان پێكھاتوەو بەئاوەڕۆی قورس ناودەبرێت، لەبەر تێكەڵبونی مادە كیماییەكان بەھیچ شێوەیەك بۆ بەكارھێنان گونجاو نییەو مەترسی زۆر لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەكات".



PM:12:33:12/12/2017