ئاراسی شیخ جەنگی ئەو کەسەی تۆمەتبار دەکرێت بەرێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و رێککەوتن لەگەڵ ئەو هێزە، دەڵێت " ئامادەم بچمە بەردەم پەرلەمان بەمەرجێک دانیشتنەکە کراوە بێت.
لەو ناومەیەدا کە لە ماڵپەڕی میللەتی نزیک یەکێتی بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە " لەڕێ ی ئەم نامەیەوە ئێوە و هەموو خەڵكی كوردستان ئاگادار ئەكەم كە ئامادەم بێم لەبەردەمی ئێوەی بەڕێزدا و بە ئامادەیی تێكڕای دەزگا ئیعلامیەكان هەموو راستیەكان سەبارەت بەو بابەتە ئاشكرا بكەم".
دەقی نامەکەی ئاراس شێخ جەنگی بۆ پەرلەمانی کوردستان:
بەڕێزان.. خوشك و برایانی پەڕلەمانتار لە پەڕلەمانی كوردستان
سڵاوێكی گەرم
بەداخێكی زۆرەوە هێشتا ئەو قسەڵۆك و وتی وتیانە هەر ماون كە گوایە لەدەستدانی كەركوكی خۆشەویست و ناوچەكانی تری كوردستان بەهۆی (خیانەت) و رێكەوتنی نهێنی یەوە بووە لەگەڵ هێزە عێراقی و ئێرانی یەكان وە لەبەر ئەوەی بەندە هەندێك زانیاری گرنگ و وردم لایە دەربارەی ئەو كارەساتە، بۆیە لەڕێ ی ئەم نامەیەوە ئێوە و هەموو خەڵكی كوردستان ئاگادار ئەكەم كە ئامادەم بێم لەبەردەمی ئێوەی بەڕێزدا و بە ئامادەیی تێكڕای دەزگا ئیعلامیەكان هەموو راستیەكان سەبارەت بەو بابەتە ئاشكرا بكەم بەمەرجێك دانیشتنەكە كراوە بێت و راستەوخۆ پەخش بكرێ بۆ ئەوەی كۆتایی بهێنرێ بەم درۆ و دەلەسانەی كە جگە لە چەواشەكردنی رای گشتی هیچ مەبەست و مەرامێكی نی یە. چاوەڕێ ی وەڵامی بەڕێزتانم لەگەڵ رێزی بێ پایانمدا.
براتان
ئاراس شێخ جەنگی
12/12/ 2017