لە خورماتوو خۆبەخشەکان وەڵامی حەشدی شەعبی دەدەنەوە

لە بەیانی ئەمڕۆوە ١٢ ی کانوونی یەکەم بارگرژی باڵی بەسەر شاری خورماتوودا کێشاوە، دوای کەوتنە خوارەوەی چەند گوولە هاوەنێک بەسەر ئەو شارەدا، حەشدی شەعبیش بۆردومانی دەستپێکردووەو، خۆبەخشە کوردەکانیش وەڵامدەدەنەوە.

محەمەد فایەق لێپرسراوی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای خورماتوو بە سپی ڕاگەیاند, "کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لەناحیەی ئامرلی و سەنتەری قەزای خورماتوەوە بەھاوەن و تۆپ بۆردومانی گوندەکانی (قومپەڵک، قوشەڵان  و تاوێرکەوەی) کردوە لەناوچەی داودەی سەر بەناحیەی زنانە".

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای خورماتوو وتیشی:"تائێستا ئەو بۆردومانانە ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوەو ئەو گوندانەش کە بۆردومانکراون کوردنشینن و ئاوەدانن".

محەمەد ئاشکراشیکرد, لەلایەن ژمارەیەک خۆبەخشی کوردەوە وەڵامی ئەو بۆردومانانە دەدرێتەوەو تائێستاش بۆردومانەکە بەردەوامە.
بەپێی زانیاریەکانی دەست سپی کەوتووە، چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژراوەو چەند چەکدارێکی تریش بریندارن، حاڵەتی نائاسایش لە شارەکە راگەیاندراوە. 



PM:03:08:12/12/2017