سبەی لە سلێمانی دابەشکردنی نەوت بەسەر مالآندا دەستپێدەکات

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان لە بەدواداچونێکدا رایگەیاند" سبەی چوار شەممە ١٣ ی کانوونی یەکەم لە پێنج گەڕەکی شاری سلێمانی نەوت بەسەر هاولآتیاندا دابەشکرێت".

پەرواعەلی پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی سپی، رایگەیاند" بەیانی چوار شەممە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سلێمانی دەستدەکات بە دابەشکردنی نەوت لە ناو گەڕەکەکانی سلێمانی ".

لە درێژەی لێدوانەکەیەدا ناوبراو وتی " سبەی نەوت دەدرێت بە گەرەکەکانی هەواری تازە، ئازادی، شەهیدانی ئازادی، عەلی کەمال ، تووی مەلیک، و رۆژانی داهاتووش گەڕەکەکانی تری نێو شار سلێمانی دابەشدەکرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە کرد کە هاولآتیان بۆ ئەو بەرمیلە نەوتەی پێیان دەدرێت، دەبێت ٥٣ هەزار دینار بدەن لەبری نەوتەکە. 

پەروا عەلی ئاشکرای کرد کە رۆژانە لە بەغداوە پێنج تەنکەر نەوتی سپی دێتە پارێزگای سلێمانیەوەو بەڕێوەبەرایەتی ناوبراویش سەرپەرشتی دابەسکردنەکەی دەکات".

دابەشکردنی نەوت لەزۆربەی قەزاو ناحیەکانی شاری سلێمانی دابەشکراوەو  تەنها چەند شوێنێکی کەم و ناو شار ماوە.

 
  



PM:05:57:12/12/2017