" من کوردم و کوردستانیم "

عوسمان بایدەمیر وتەبێژی هەدەپە لەبەردەم پەرلەمانی تورکیادا رایگەیاند" کوردم و کوردستانیم ".

لەكۆبونەوەی پەرلەمانی توركیا و لەمیانی وتارێكدا عوسمان بایدەمیر وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیئاند "من كوردم و كوردستانیم كەسیش ناتوانێت ناسنامەی كوردبوونتی لێی بسەنێتەوە".

عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری شاری ئۆرفە لە فراكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا، لەمیانی پێشكەش كردنی وتارەکەیدا وتیشی " كەس ناتوانێت ناسنامەی كوردبوونم لێ‌ بسەنێتەوە، بەڵکو دەتوانن وەك تاهر ئاڵچی بمكوژن".

بایدەمیر هەر لەمیانی وتارەكەیدا كە بووە هۆی هەژاندنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی وڵاتەكە، جەختی لە برایەتی كورد و تورك كردەوە و بەدەنگی بەرز ووتی"بژی برایەتی كورد و تورك و بەڵێ‌ بۆ ئاشتی".

هەروەها بایدەمیر رەخنەی توندی ئاراستەی پارتی داد‌و گەشەپێدان "ئاكەپە”، كرد و بەوە تۆمەتباری كرد كە زۆربەی جومگە هەستیارەكانی توركیای لەبەرژەوەندی خۆی بەدەستەوە گرتوە، داواشیكرد ئاكەپە سیاسەتێكی دادپەروەرانە پەیرەو بكات لەگەڵ گەلی كوردو پێكهاتەكانی ناو توركیا.

ناوبراو داواشی كرد ئەو سیاسەتەی لەدژی گەلی كورد لەتوركیا لەلایەن ئاكەپەوە پیادە دەكرێت كۆتایی پێبهێنرێت و ئەو رەوشەی دروستكراوە چارەسەر بكرێت، ئەو وتی "من كوردم و كوردستانیم، داوا دەكەم پەیوەندیی ئاشتی و برایەتی لەنێوان هەردو گەلی كورد‌و تورك و شارستانیەتی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ دروست ببێت”، بەهۆی ئەم قسانەی عوسمان بایدەمیرەوە دەنگە دەنگ لەناو هۆڵی پەرلەمان دروست بو، سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ ماوەیەك كۆبونەوەكەی راگرت‌و داواشیكرد لەسەر ئەو وتانەی، سزای عوسمان بایدەمیر بدرێت.

هەر لەدانیشتنەكەدا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا داوای بەسزا گەیاندنی عوسمان بایدەمیر كرد لەبەرامبەر وتەكانیدا.

 



PM:02:54:13/12/2017