حکومەتی عێراق و هەرێم بانگهێشتکران بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ

لە کۆبوونەوەی نێوان فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق و هەردوو جێگرانی نوری مالکیی و ئەیاد عەلاویدا، حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بانگهێشتکران بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوانیان.


لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، بانگهێشتی هەر یەکە لە حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەن، بۆ دەستپێکردنی دەستبەجێی دیالۆگ بە سەرپەرشتیی و چاودێریی سەرۆکایەتیی کۆمار و پشتیوانیی لۆجیستیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئامانجی هێنانەوە ئارای پەیوەندیی ئاسایی لە نێوان هەردولادا لەسەر بناغەی دەستور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، داوای کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرکردە و نوێنەرانی کوتلە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی کراوە، بۆ تاوتوێکردن و دەرکردنی یاساکانی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی دەستوریی خۆیاندا.

هاوکات سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دەکەن، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕێوشوێنەکانی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پارێزگاکە.



PM:06:59:13/12/2017