قائیمقامی چەمچەماڵ ئامادەیی بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەربڕی

قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند لەلایەن بەرپرسانی حکومیەوە بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە کارەبای رۆژانەی چەمچەماڵ دوو کاتژمێر یان زیاتر، زیادبکرێت وتیشی ئەگەر لە ئاست داواکاری خەڵک نەبێت ئامادەیە دەست لەکار بکێشێتەوە.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ سەردانی خۆپیشاندەرانی شارۆچکەکەی کرد، کە لە سەرلەبەیانییەوە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری رێگای سەرەکی سلێمانی کەرکوکیان گرتووە.

قائیمقامی چەمچەماڵ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە پەیوەندیدان و بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە کارەبای چەمچەماڵ دوو کاتژمێر یان زیاتر زیاد بکەن.

وتیشی گروپێک لە خۆپیشاندەران هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە سەردانی وەزارەتی کارەبا بکەن و ئەو بەڵێنە بکەن بە بڕیار.

لەبارەی جێبەجێکردن یان نەکردنی داواکاری خۆپیشاندەران، قائیمقام وتی: ئەگەر لە ئاست داواکارییە رەواکانی خەڵکی شارەکە نەبن، ئامادەن هەر ئێستا دەستلەکاربکێشنەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە هاووڵاتیانی شارۆچکەی چەمچەماڵ بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی رێگای سەرەکی کەرکوک سلێمانیان بەتەواوەتی داخست و تا ئێستاش خۆپیشاندان بەردەوامە و ئاماد نین ڕێگاکە بکەنەوە.



ئه‌م بابه‌ته ‌5568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:02:16/12/2017