کچە داعشێک چیرۆکی ژیانی لە نێو داعش دەگێڕێتەوە

کچە داعشێک کە لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکرا، باس لە هاتنی بۆ نێو داعش و
چۆنێتی بەسەربردنی ژیانی لە نێو ئەو رێکخراوە دەکات.

لیندا وینسڵ، ئەو کچە ئەڵمانییەی کە بە بووکی داعش ناودەبرێت، لە یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ دایک و خوشەکەکەی کە لە ئەڵمانیاوە بۆ سەردانیکردنی هاتبوونە بەغداد، دەڵێت "نازانم چۆن بەو بیرۆکە گەمژانەیە گەیشتم بێم بۆ نێو داعش، ژیانی خۆم وێران کرد".

ئەو دەڵێت: لە کاتێکدا پەیوەندیی لەگەڵ خێزانەکەی باش نەبووە، کەوتووەتە داوی خۆشەویستی گەنجێکی شیشانی، کە جگە لە ناوەکەی (محەمەد) هیچی تری لەبارەیەوە نەزانیوە، ئەو گەنجە رازی کردووە بچنە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە عێراق و سوریا.

دەشڵێت "لە گرتە ڤیدیۆییەکان وێنەی ژن و مێردەکانم بینیوە کە لە باخچەکان پیاسەیان دەکرد و پێکەوە نانیان ئامادە دەکرد، بەڕاستی ئەوە جیهانێکی تربوو، بەڵام کاتێک گەیشتمە موسڵ هیچ یەکێک لەو دیمەنانەم نەبینیوە و کارم تەنها بریتیبووە لە پاککردنەوەی ماڵ و ئامادەکردنی خواردن بۆ هاوسەرەکەم".

باسی لە شێوازی هاوسەرگیری کردووە و روونیکردووەتەوە: سەرەتا چووەتە تورکیا، لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو گەنجە کردووە، بەڵام محەمەدی هاوسەری لەوێ نەبووە لەرێی تەلەفۆنەوە لەگەل شایەتێک ئامادەبووە، هەروەها هیچ مەراسیمێکی ئاهەنگ و خۆشی بوونی نەبووە.

لیندا وینسڵ کە چاوەڕێ دەکرێت مانگی داهاتوو بەتۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە لەلایەن دادگای عێراقەوە دادگایی بکرێت، دەشڵێت، تووشی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە لە بەخێوکردنی منداڵەکانی، بەردەوامی بۆردومان و دەنگی تەقە و تەقینەوەش خەریک بووە تووشی شێتی بکات، پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا گەمژەیە وا هاتووە بۆ ئەم شوێنە؟

پەشیمانی خۆشی دەربڕیوە و وتویەتی "هیچم دەستنەکەوت جگە لە برینداری چەند بەشێکی جەستە و لەدەستدانی داهاتووم، ئێستا هەموو کەس لە ئەڵمانیا دەمناسێت، ناتوانم بچم بۆ هیچ شوێنێک، هیچ کارێکیشم دەستناکەوێت".

ئەم کچە هاوسەرەکەی لە یەکێک لە بۆردومانەکان کوژرا، لەو کاتەدا نامەیەکی بۆ باوکی ناردووە و نوسیوێتی "بەهۆی تۆوە هاوسەرەکەم مرد، لەبەرئەوەی تۆ لەرێی باجەوە پارەی ئەو بۆمبانە دەدەیت".

ئێستا لیندا وینسڵ لەبەردەم دادگای عێراقیدایە و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم کچە لەلایەن داعشەوە راهێنانی بەکارهێنانی چەکی قەناسی پێکراوە و لەکاتی دەستگیرکردنی چەکی قەناس لە ماڵەکەی دۆزراوەتەوە، بەڵام خۆی دەڵێت "من نازانم ئەم شتە چۆن کار دەکات".



PM:03:27:16/12/2017