بەوێنە...خۆپیشاندان لە تەکیە بەڕێوەچوو

خۆپیشاندان لە ناحیەى تەکیەى سەر بەقەزاى چەمچەماڵ بەهۆى کەمى خزمەتگوزارییەوە بەڕێوەچوو.


لە ماوەى هەفتەیەکدا ئەمشەو بۆ دووەمجار خۆپیشاندان لە ناحیەى تەکیەى سەر بەقەزاى چەمچەماڵ بەڕێوەچوو خۆپیشاندەران بۆ ماوەیەک ڕێگاى سەرەکى نێوان سلێمانى- کەرکوکیان داخست و دواتر بەڕێوەبەرى ناحیەکە هاتووەتە ناو خۆپیشاندەران و بەڵێنى چارەسەرکردنى کێشەکانى پێداون.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خۆپیشاندەران هەمان داواکارییان هەبوو، لەلایەن بەرپرسانی ئیداری ناحیەکەوا بەڵێنی چارەسەرکردنیان پێداون کە زیاتر خۆى لە کەمى ئاو کارەبادا دەبینێتەوە.

سێ ڕۆژ پێشتر بەشێک لە دانیشتوانى تەکیەى کاکەمەند خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و داواى چارەسەرى کێشەى کەمى کارەبا و ئاو باشکردنى ڕەوشى ئاسایشی ناحیەکەیانکرد.

هەر ئەمڕۆش لە قەزاى چەمچەماڵ خۆپیشاندان بەهۆى کەمى خزمەتگوزارى بەڕێوەچوو، شەقامى سەرەکى نێوان سلێمانى – کەرکوکیان داخست، بۆ چەند کاتژمێرێک دواتریش بەپێدانى بەڵێنى بەرپرسان کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.



PM:11:16:16/12/2017