ئاو و كارەبای سلێمانی بڕدرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی كارەباوە دابەشكردنی ئاو لە سنووری پارێزگاكەدا وەستاوە.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی، ڕایگەیاند لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەهۆی كێشەی نەبوونی كارەباوە دابەشكردنی ئاو بەسەر ماڵاندا وەستاوە، وتیشی، تا ئەو كاتەی كارەبایان بۆ دابیندەكرێت ناتوانن ئاو لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانیدا دابەش بكەن.

هۆشداری دایە هاوڵاتیان، بۆ ئەوەی دەست بە ئاوەوە بگرن، تا ئەو كاتەی كێشەكان چارەسەر دەبن و دابەشكردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، لە كاتژمێر ٤ ی بەیانی ئەمڕۆوە، بەهۆی كوژاندنەوەی وێستگەی كارۆغازی چەمچەماڵەوە كارەبا بڕاوە و بەهۆی ئەو كوژاندنەوەیە، ناتوانین كارەبا دابینبكەین".

هەروەها بەڕێوبەرایەتی كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە ڕووی تەكنییەوە ناتوانین كارەبا لە شوێنەكانی دیكە وەربگرن و دابەشی بكەن.

كارەبای سلێمانی دەشڵێت "لە ئێستادا جگە لە هاووڵاتیان، نەخۆشخانە و پڕۆژەكانی ئاو لەسنووری پارێزگای سلێمانی بێ كارەبان".

هاوكات سیروان محەمەد وتەبێژی كارەبای سلێمانی بە ئێن ئار تی ڕاگەیاند، وێستگەی كارۆغازی چەمچەماڵ، لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت و بەهۆی مەترسییەوە، وێستگەكەیان كوژاندووەتەوە.



AM:11:40:19/12/2017