شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا ڕوویدا

وتەبێژی حەشدی شەعبی لەقەزای دووز، ڕایگەیاند " پێشنیوەڕی ئەمڕۆ شەڕە تەقە لە نێوان هێزێكی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدا ڕوویداوە و كەسێك بریندار بووە".

عەلی حسێنی، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە قەزای دووز بە "دواڕۆژ"ی راگەیاند، "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كاروانێكی ئۆتۆمبیلی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەڕێگەكانی دەڕەوەی قەزاكە دەبێتە شەڕیان و تەقە لەیەكتری دەكەن و كەسێك لە نێوانیاندا بریندار دەبێت كە هاووڵاتییەكی مەدەنییە".

وتیشی "هیچ كام لە كاروانەكەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی سەر بە قەزای دووز نەبوون و بەڵكو بە قەزاكەدا تێپەڕیون".
ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی، رووداوەكەی بەئاسایی وەسفكرد و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە هەر زوو دۆخەكە ئاساییبوەتەوەو كۆتایی بەگرژییەكان هاتووە.
ناكۆكی نێوان هێزەكانی سوپاو حەشدی شەعبی لەخورماتوو بۆ ئەو گرژییانە دەگەڕێتەوە كە لەنێوان فەرماندەكانی حەشدی ناوچەكە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی سەڵاحەدیندا هەیە بەتایبەت دوای رادەستكردنی مەلەفی ئەمنی شارەكە بەهێزە ئەمنییەكان و دورخستنەوەی حەشد لەناو شارەكە و ئامادەنەبوونی سوپا بۆ بەشداریكردن لەهێرشكردنە سەر گوندە كوردییەكانی سنوری كفریدا. 



AM:11:52:20/12/2017