هاوپەیمانی نیشتیمانی داوایەک ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی دەکات

سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە پارێزگاری سلێمانی دەكات بەئەركی سەرشانی هەڵسێت لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و نەهێشتنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە دروستبووە.


كاسترۆ مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتیمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە و ئاڕاستەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كراوە رایگەیاندووە، لای هەمووان ئاشكرایە ئەو بارودۆخەی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە دەرەنجامی فەشەلی سیاسەتی ئابووری و دابەشكارییە لە نێوان هێزە سیاسییەكان و بەرەنجامی بێباكی تەواوی هێزەكانی ناو حكومەتە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بۆیە ناكرێت داوا رەواكانی هاوڵاتیان تێكەڵی ململانێی ناتەندروستی حزبە سیاسییەكان بكرێت و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاوڵاتیان دەبێت لە سەرووی هەموو داواكارییەكانەوە بێت، گرتن و راوەدوونان و بەكارهێنانی هێز نابێتە چارەسەر، بەڵكو دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

كاسترۆ مەعروف داواكارە هەرچی زووە كار بۆ ئازادكردنی تەواوی ئەو گەنج و مامۆستا و چالاكوانانە بكرێت كە دەستبەسەركراون لە پێناو ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، داواكاریشە هەرچی زووە ئەو هێزانەی كە هێنراونەتە شارو شارۆچكەكان بگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان و دۆخی ئەمنی بەدەزگا ئەمنییەكانی تر بسپێردرێتەوە، هەنگاوی جددی بنرێت بۆ گوێگرتن لە داواكارییەكانی هاوڵاتیان و خۆپیشاندان بەشێوازێكی مەدەنیانە دوور لەتوندوتیژی و بەردەوامبوونی، مافی هەموو كەس و گروپێكە كە دەبێت بە ئاسایی وەربگیرێت و نابێت هیچ رێگرییەكیان بۆ دروست بكرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی بە پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "هیوادارین بەڕێزتان بەئەركی سەرشانی خۆتان هەڵسن لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و نەهێشتنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە دروستبووە".

فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی لە سێ لایەن پێكهاتووە (سۆسیالیست، شیوعی، زەحمەتكێشان).



PM:09:19:22/12/2017