یەکگرتوو مەرجەکانی بۆ مانەوە لە حکومەت ئاشکرا دەکات

لە بەلاغی کۆبوونەوەی نا ئاسایی یەکگرتوو ئیسلامی ١٥ رۆژ دانراوە بۆ حکومەت تا ژمارەیەک مەرجی یەکگرتوو جێبەجێ بکات، بە پێچەوانەوە ئەو حیزبە پاشەکشە دەکات لە حکومەت.

لەو بەلاغەدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، تیایدا هاتووە " كۆبوونەوە داوا دەكات لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان".
  
به‌لاغی كۆتایی كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان

ڕۆژانی شەممەو یەك شەممە 23 و 24/12/2017 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و بە سەرپەرشتی بەڕێز م. سعید علی عەبۆ سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامان و بەرپرسی مەڵبەندەكان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی گرێدا.
لە كۆبوونەوەكەدا باوردۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی و كاریگەریەكانی لە سەر ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە گشتی و باری ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەخۆران و نیگەرانی و نارەزایەتیەكانی شەقامی بە تایبەتی تاوتوێكرد، هەروەك ئەرك و بەرپرسیارێتی حكومەتی لەو بارەوە خستەبەر باس و گفوگۆو دیدو هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی لە سەر ئەم پرسە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا خستەڕوو:
یەكەم: كۆبوونەوە داوا دەكات لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان كە بە داخەوە ڕەوتی مەدەنی و ئاشتیانەی ناڕەزایەتیەكان بە لارێدا براو چەندین رووداو و كارەساتی نەخوازراو و دڵًتەزێنی لێ كەوتەوە..
ئەم لیژنەیە كاری جیدی بكات بۆ ئازاد كردنی بە پەلەی دەستگیركراوە بێتاوانەكان و ئاشكراكردنی ئەو دەست و كەسانەی ئاڕاستەی خۆپیشاندەرەكانی بەرەو توندوتیژی بردوو لێپێچینەوەیان بە پێی یاساو لە لایەن دادگاوە لەگەڵ بكرێ‌... هەروەك كۆبوونەوە داوا دەكات حكومەت بە خێرایی وەڵامی داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەران بداتەوە بە دابین كردنی موچە لە كاتی خۆیدا و باشكردنی باری بژێوی و خزمەتگوزراریەكان بە گشتی. 
هەر لەو میانەدا كۆبوونەوە داوا دەكات كە حاڵەتی بە سەربازیكردنی شارەكان كۆتایی پێ بهێنرێ‌، چونكە رێگا چارەی ئەمنی دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات هەروەها هەر جۆرە بێدەنگ كردنێكی میدیای ئازادی لە دەرەوەی یاسا ڕەت كردەوە.
دووەم/ سەبارەت بە هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پرسی كشانەوەی لە حكومەت، كۆبوونەوە بە پێویستی زانی لەو بارەیەوە یەكگرتوو هەڵوێست لە بەرژەوەندی باشكردنی بژێوی هاووڵاتیان وەربگرێ‌ و بیبەستێتەوە بەو مەسەلەیەوە..
بۆیە بڕیاریدا سەقفێكی زەمەنی دیاریكراو تا 15/1/2018 وەك مۆڵەتێك بدات بە حكومەت و لەو ماوەیەدا شاندێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یاداشتنامەیەك لە بارەی داخوازیەكانی خەڵك و هاوڵاتیان بدات بە حكومەت و داوای لێ‌ بكات كە بە زووترین كات بریاری جدی بۆ جێ بە جێ كردنیان بدات..
لە حاڵەتی بە دەمەوە نەهاتنی حكومەت لەو بارەیەوە و دوای تەواو بوونی مۆڵەتەكە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بریاری یەكلاكەرەوە دەدات.
هەر بەم بۆنەیەوە كۆبوونەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەو كەس و كاری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو دەكات و دوعای شیفاو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان لە خوا دەخوازێت...
لە كۆتایی دا كۆبوونەوە شەونخونی و ماندووبوون و هەڵسوكەوتی مەدەنیانەو ئاشتیخوزانەو خۆڕاگری رێكخستنەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە بەرانبەر پەلامار و هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی یەكگرتووی بەرز نرخاندو هیوایخاوست ئەم رەفتارو رەوشتە بەرزەی رێكخستنەكانی یەكگرتوو ببێتە كلتوری كۆمەڵگەی كوردستانی و نەریتی نەخوازراوی توندوتیژی هەڵكوتانە سەر بارەگا حزبیەكان و دام و دەزگا گشتیەكان كۆتایی پێ بهێنرێت.

ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
24/12/2017



AM:11:47:24/12/2017