میترۆ داوای ئازادكردنی گیراوان دەكات

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی‌ رۆژنامەنووسان داوای لە حكومەت دەكات رێوشوێنی یاسایی نەك ترساندن و تۆقاندن مامەڵە لەگەڵ كەیسی دەسگیركراوانی خۆپیشاندانەكان بكرێت و داوای ئازادكردنیان دەكات.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا كە لە سەنتەری میترۆ بەڕێوەچوو و بەرپرسی هەندێ رێكخراوی مەدەنی و دەزگای میدیا ئامادەی بوو، دیاری‌ حاجی‌ محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە چالاكوانی خۆپیشاندەكان بكات و ئازادیان بكات یان رێگە بدات كەسوكارییان بیانبیین لەو گیراوەنەش ناوی شاسواری عەبدولواحیدی هێنا وەك كەیسێكی دیار.

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتی "نابێ بە ترساندن و تۆقاندن مامەڵە لەگەڵ كەیسی دەسگیركراوانی خۆپیشاندانەكان بكرێت"، داواشی كرد "دەستهەڵگرن لە ئازاردانی رۆژنامەنوس و رێگرتن لە ئازادی كاری رۆژنامەنوسی".

لای‌ خۆیەوە ئاسۆس هەردی سەرۆكی كۆمپانیای ئاوێنە بە زمانی عەرەبی وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا تیشكی خستەسەر هەندێك رێوشوێنی ناسایایی كە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و میدیاكاران و دەزگای میدیا و دەزگای مەدەنی ئەنجامدراوە.

ئاسۆس هەردی وتی "هەموو ئەو رێوشوێنانە رەتدەكەینەوە كە پێچەوانەی یاسان و نابێت بەتوندوتیژی وەڵامی داخوازی ئاشتیانەی خەڵك بدرێتەوە".



PM:02:14:24/12/2017