فراكسیۆنی نەتەوەیی داوای ئازادكردنی شاسوار عەبدولواحید دەكات

فراكسیۆنی نەتەوەیی لە پارلەمانی كوردستان داوای‌ دەستبەجێ‌ ئازادكردنی‌ شاسوار عەبدولواحید و رابوون مەعروف دەكات و دەڵێت "نابێت حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بێدەنگ بن".

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، فراكسیۆنی نەتەوەیی لە پارلەمانی كوردستان كە لەلایەن ئاری‌ هەرسین سەرۆكایەتی‌ دەكرێت، رایگەیاند كە "لەپاش دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە2017/12/18 لە بەشێك لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان كە بەداخێكی زۆرەوە كوژراو و بریندار و وێرانكاری و سوتانی بارەگای حكومی و حیزبی لێكەوتەوە، كەسانێكی زۆر دەستگیركراون لە ناویاندا رابون مەعروف، ئەندامی پارلەمانی كوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی ڕەوتی نەوەی نوێ هەن".

ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە وێڕای ئیدانەكردنی كرداری ئەو كەسە تێكدەرانەی كە بوونە ھۆكاری ئەو توندوتیژیانە، ھەڵوێستی خۆمان سەبارەت بەم دەستگیركردنانە لەم چەند خاڵەی خوارەوە دەخەینەڕوو.

فراكسیۆنی نەتەوەیی دەڵێت "ھاوكارمان ڕابون مەعروف ئەندامی پارلەمانی كوردستانە و حەسانەی پارلەمانیی ھەیە. ئەندامی پارلەمان بە بێ ئاگاداری سەرۆكایەتی پارلەمان نابێت دەسبەسەر بكرێت".

ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو كە "شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی رەوتێكی سیاسیە و ئەم رەوتە سیاسیەش بەشێكە لە پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان. بۆیە دەسگیركردنی سەرۆكی ئەر رەوتە دەچێتە بابی زیندانی سیاسیەوە، كە ئەمەش پێچەوانەی ھەموو ئەو بنەما دیموكراسیانەیە كە ھەمومان بڕوامان پێیەتی".

دەشڵێت "ئەركی ناوەندی دادوەری و دەستەی داواكاری گشتیە بە زوترین كات بەدواداچوونی جددی بۆ ئەم دوو كەیسە بكەن، ھەر ھیچ نەبێت بۆ ئەوەی ھەیبەتی پۆستەكەیان بمێنێت و لای خەڵكی كوردستانیش بێ متمانە نەبن. زۆریشمان لا سەیرە ھەتا ئەم ساتە وەختەش ھیچ ھەڵوێستێكی راشكاوانەمان نە لە ناوەندی دادوەری و نە لە دەستەی داواكاری گشتی نەبینیوە".

فراكسیۆنی نەتەوەیی راشیگەیاندووە كە "ھەر ناكۆكیەكی قوڵ لە نێوان لایەنە سیاسیەكاندا ھەیە، نابێت ببێتە ھۆی تەرەفگیری ناوەندەكانی قانون و پارێزەرانی. ھیچ لایەنێكی سیاسی نابێت خۆی لەسەرو قانونەوە ببینێت. چونكە ئەوكات ھەرێمی كوردستان ئەبێتە دارستانێك كە (بێ ھێزەكان كە زۆرینەی كۆمەڵگە پێك دەھێنن) مافیان پێشێل دەكرێت و كەمینەیەك بڕیار لە سنورو ئاستی ئازادیەكانیان ئەدەن، نەك قانون".


جەختیشی‌ لەوە كردووەتەوە كە "ھەر ھاوڵاتیەك كە لەلایەن دەزگایەكی ئەمنیەوە دەسبەسەر ئەكرێت مافی پارێزەری ھەیە، دەبێت دەسگیركراوەكان ئەو مافە سەرەتاییانەیان لێ زەوت نەكرێت. ئەگەر ئەو مافەیان لێ زەوت كرا ئەوا بێڕێزی بەرامبەر بە قانون كراوە".


لە راگەیەندراوەكەی‌ فراكسیۆنی نەتەوەیی هاتووە "حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نابێت لەبەرامبەر ئەم پێشھاتانەدا بێدەنگ بن"، داواكاریشە "پارلەمانی كوردستان دەبێت ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بەم پێشھاتانە بە ڕوون و ڕاشكاوانە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكات"

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "سەرەڕای سەرنج و ھەڵوێستمان سەبارەت بە میتۆدی سیاسەتكردن و بیروڕای كاك رابون مەعروف و كاك شاسوار عەبدولواحید، پێداگری لە رێزگرتن لە مافەكانیان دەكەین وەك دوو ھاوڵاتی ھەرێمی كوردستان لە بەرامبەر قانون. ئێمە بە میتودی دیموكراسی بەرەنگاری بیرو بۆچونەكانیان دەبینەوە و مونافەسەیان دەكەین، نەك بە زیندانیكردن و تیرۆر كردنی نەئەوان و، نە ھیچ مونافیسێكی سیاسی ترمان. مونافەسەی سیاسی لە مەیدانی ئازادی دیموكراسیدا دەكرێت، كە ھەر یەك لە لایەنەكان مافی ھاوتاو چونیەكیان ھەبێت، كە ئەویش ھەڵبژاردنە... ھەر ئەو كاتەشە كە دۆڕاو قوبوڵی دۆڕاندنی خۆی دەكات و براوەش بە ویژدانێكی ئاسودەوە چێژ لە بردنەوەكەی دەبینێت".



PM:02:24:24/12/2017