ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای چوونەدەرەوەی هێزەكان لە ناوشار دەكات

ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داوای‌ كشانەوەی‌ سەرجەم ئەو هێزانە دەكات كە لەناو سەنتەری‌ شاردا بڵاوەیان پێكراوە و بەپێویستی‌ دەزانێت هێزە ئەمنیەكان مامەڵەی‌ "گونجاو" لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكەن.

ئەمڕۆ 24ی‌ كانونی‌ یەكەمی‌ 2017 سەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی پارێزگای‌ سلێمانی و سەرۆك فراكسیۆنەكانی‌ ئەنجومەنەكە لەسەرخۆپیشاندانەكان و گرژیی‌ و ئاڵۆزیەكانی‌ پارێزگاكە كۆبونەوە و بڕیاردرا بەدواداچون سەبارەت بەگرفتی‌ ئەو فەرمانگانەش بكرێت كە دەوامیان تێداناكرێت و مامەڵەی‌ هاوڵاتیان پەكیكەوتوە.

لەدوای‌ كۆتاییهاتنی‌ كۆبونەوەكە لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ئازاد محەمەد سەرۆكی‌ ئەنجومەنەكە ڕاگەیەنراوێكی‌ خوێندەوە كە سێ‌ داواكاریی لەخۆگرتبوو، لەخاڵی‌ یەكەمی‌ ڕاگەیەنراوەكەدا داوای‌ ئازادكردنی‌ سەرجەم ئەوكەسانە كراوە كە دەستگیركراون لەگەڵ دەستهەڵگرتن لەبەدوادا گەڕان و دەستگیركردنی‌ چالاكوانان.

لەدوەم خاڵی‌ ڕاگەیەنراوەكەدا، ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داوای‌ كشانەوەی‌ ئەو هێزانەی‌ كردوە كە هێنراونەتە ناو سەنتەری‌ شارو شارۆچكەكانەوە، كۆتا داواكاریش ئاماژەی‌ بەئاشتی‌ كۆمەڵایەتی‌ كردوە و داواكراوە، "كاربكرێت بۆ پاراستنی‌ ئاشتی‌ كۆمەڵایەتی‌ لەنێوان هاوڵاتیان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكاندا".



PM:02:34:24/12/2017