" یەکێتی دەیەوێت دوو ئیدارەیی دروست بکات "

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت" یه‌كێتی دەیەوێ دوو ئیدارەیی دروست بکات و خۆی حوکمی پارێزگای سلێمانی بکات.

عەلی حەمەساڵح لە نووسینێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، رایگه‌یاندووه‌" پارێزگار بەرپرسی لێژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانییە، بەڵام کاتێک جێگری سەرۆکی حکوومەت کۆبوونەوەیەک دەکات بە دەزگا حزبییەکانی یەکێتی، ئەمە ڕوون دەبێتەوە کە قوباد تاڵەبانی باوەڕی بە حکوومەت نییه‌". 
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت" کاتێک بەبێ بڕیاری دادگا، سەدان کەس زیندانی دەکرێن لە لایەن یەکێتییەوە، واتە کەمینەیەک دەیەوێ لە دەرەوەی حکوومەت و دادگا، خۆی بسەپێنێت هەروەها دەشڵێت " بە تەسفیەی ناوخۆ، ھەندێک بارەگای خۆیان سووتاند و زەمینەخۆش بوو بۆ سوتاندنی بارەگای لایەنی دیکە و حکوومەتیش".
عەلی حەمە ساڵح نووسیویەتی" ئەوەی دەیەوێ گرژی دروست بکات، بۆ دوو ئیدارەیە و لە دوو ئیدارەییش خۆی حوکمی ئیدارەی سلێمانی بکات، یان گرژی دروست بکات بە زەبری ھێز حوکمی عەسکەری بکات و ھەڵبژاردنێکی خاوێن نەکات و حەجمی خۆی نەبینێت".
لە یەک شەممەی رابردووە لە ئەنجامی خۆپیشاندانی توێژە جیاجیاکانی خەڵکەوە پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان روویداو، لە ئەنجامدا دوو گەنج کوژران و بەسەدانی تر برینداربوون، هەروەها بەدەیان بارەگای حیزبە کوردستانییەکان سوتێنران، جگە لە سوتانی چەند فەرمانگەیەک.



PM:06:03:24/12/2017