لە میدیای فەرمی یەکێتی یەوە داوا لە بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید دەکەن مۆڵەتی یاسایی وەربگرن

بۆ یەکەمجارە لە کوردستانی نوێوە هێرشدەکرێتە سەر بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری و، نەوەی نوێ کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

بۆ یەکەمجارە لە کوردستانی نوێ لە وتارێکدا بە ناونیشانی " یەکێتی لە گەمارۆ و پیلانگێڕی بەهێزترە " کە ناوی محەمەد تاهیری لەسەرەو هیچ وێنەیەکی خۆی دانەناوە، تیایدا هاتووە " پێدەچێت بەشێک لەوەی لە کوردستان روودەدات پەیڕەوکردنی شەرعیەتی دارستان بێت، دیارە ئەگەر واش بێت یەکێتی دەبێتە شێری ئەو دارستانە، چونکە گۆڕانکاری لە دارستانیشدا رێوشوێنی خۆی هەیە. هەر لایەنێکیش بیەوێت قسە لەسەر نەوەی نوێ و دیموکراسی و دادپەروەری بکات، پێویستە پێشوەخت مۆڵەت وەربگرن، ئەگەر ئەم حکومەتە بگۆڕدرێت و پاشان هەڵبژاردن بکرێت، پێوستە ئەو حزب و قەوارانەی هێشتا قەوارەی جەماوەریی خۆیان وەرنەگرتووە، پێویستە دان بە خۆیاندا بگرن، چونکە رەنگە یاسا رێگە بە بەشداریکردنیان نەدات لە هەڵبژاردندا".

لەبڕگەیەکی تری وتارەکەدا هاتووە " ئەگەر ئەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانە کراوەتە بیانوو بۆ گەمارۆدان و پیلانگێڕی دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژێر تاتیڵ و ناوی جۆراوجۆردا، ئەوا دیارە رێوشوێنەکانی گۆڕانکاری چین، یەکێتی بە بێ دیموکراسی و هەڵبژاردن ئەوە ناکات، پەنابردنە بەر سووتاندنی بارەگا و هەڕەشە و ئیهانەکردنی حزب و بەرپرسەکان، ئەوا دەردەکەوێت ئەوەی هەیە نە خۆپیشاندانە، نە ناڕەزایی راستەقین".

هەروەها لە وتارەکەدا ئەوە خراوەتە روو " ئەگەر ئەو ناڕەزاییە تەنها ناوچەیەکی کوردستان بگرێتەوە نیشانی دەدات کە هەندێک لایەن و قەوارەی سیاسی دەیانەوێت سوود لە ناڕەزایی خەڵک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان وەربگرن".

بەرهەم ساڵح کە جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، ماوەی دوو سال بوو کارەکانئ خۆی هەڵپساردبوو، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا وزای لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێناو قەوارەی هاوپەیمانی دیموکراسی  و دادوەری پێکهێنا. هەروەها شاسوار عەبدولواحید کە سەرۆکایەتی " نا بۆ ریفراندۆمی لە ئەیلولدا دەکرت، دوای ریفراندۆم قەوارەیەکی بەناوی نەوەی نوێوە دروستکردووە.
.



PM:11:14:24/12/2017