بارزانی لەگەڵ قاسمی سلێمانی کۆدەبێتەوە

فەرماندەی ئەمنی و سیاسی بالآی کۆماری ئیسلامی ئێران قاسمی سلێمانی بەنهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند " ئەمڕۆ فەرماندەی قەرارگای قودسی قاسمی سلێمانی و وەفدێکی پایەبەرزی ئەو ولآتە کە پێکهاتبوون لە دانایی فەڕ نوێنەری خامەنەئی و هاشمی نوێنەری ئیتلاعات و مزرگانی سەردانی هەرێمیان کردووەو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دا لە ناوچەی بارزان کۆبوونەوەتەوە".

سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کە ئەو وەفدە چاویان بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی کە بەهۆی ریفراندۆمەوە تێکچوو بوو، بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وەفدەکە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کۆدەبنەوە.

سەرەتای ئەم مانگەش وەفدێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نهێنی سەردانی سلێمانیان کردبوو، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، پاشان لە هەولێر سەردانی پارتی و مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەیان کردبوو.



AM:01:14:25/12/2017