ئاراس شێخ جەنگی: لەبری سوتانی شوێنەکان پێویستە خەڵک داوای دادگاییکردنی بەرپرسان بکات

ئارسی شیخ جەنگی برازای تاڵەبانی و ئەو کەسەی کە پارتی بە ئەندازیاری رادەستکردنی کەرکوک بە حەشدی شەعبی ناوزەدەی دەکات دەڵێت" : لەبری سوتانی شوێنەکان پێویستە خەڵک داوای دادگاییکردنی بەرپرسان بکات".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئاراسی شیخ جەنگی دەڵێت" ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت و ئەو ناجێگیریە سیاسیەی لە هەرێمدا هەیە بەرەنجامی ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆیە و دەڵێت بەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتی کوردییە کە چەندان ساڵە گوێیان لە کەس نەگرتووە و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆیان ڕاگەیاند و لە کاتێکدا هەموو دنیا پێیان وتوون کێشەکانتان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن بەڵام نەیانکردووە و دەشلێت هەر بۆیە پێویستە هەموویان بدرێنە دادگا و خەڵک لە بری سوتاندنی شوێنەکان دەبێت داوای دادگایی کردنی ئەو دەسەڵاتە بکات چونکە ئەوانە هەڵەی گەورەیان کردووە".
ئاراس شێخ جەنگی، لەو چاوپیکەوتنەدا دەڵێت" بەر لە باسکردنی ئەوەی ڕوویداوە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ هۆکارەکانی هێنانە ئارای ئەو ڕەوشە کە بە هەڵەی سیاسی سەرکردایەتی سیاسی کورد (ڕیفراندۆم)ناودێری دەکات".
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت "مەبەستی بووە بچێتە پەرلەمان چونکە سەرکردایەتی سیاسی کورد بەشێک لە یەکێتی نیشتمانییان تەخوین کرد و دەشڵێت تێناگات لەوەی ئایا خیانەت بەلای ئەوانەی ئەو تۆمەتانە دەبەخشنەوە دەبێت چی بێت وەک باسی دەکات ئەو بەشەی یەکێتی نەچوون لەشکری سەدام حوسەین بێنن و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی پێ داگیر بکەن، نەچوون میتی تورکی و تانکەکانی تورکیا تا هیران و نازەنین بێنن، یانیش دەستی لەشکری ئێران بگیرێت و بهێنرێتە سەر مەرزەکان".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمریکا، ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت پێش 16 ی مانگی دە، جۆرێک لە ئاگربەست هەبوو بۆ 48 کاتژمێر، لە کاتی تەواو بوونی ئەو وادەیەدا ئەمیان ڕاسپاردووە تا 48 کاتژمێری تر ئەو ئاگربەستە درێژبکرێتەوە و دەشڵێت تەنها توانراوە 24 کاتژمێر ئەو شێوە ئاگربەستە درێژ بکاتەوە.
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت "دەست هەبوون لەناو کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەریشیدا بۆ تێکدانی رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەک دەڵێت پارتی دیموکراتی کوردستان دەیویست ئەو هێزەی یەکێتی لەو ناوچەیە تەفر و تونا بکات".
سەبارەت بە بەشداری هێزی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەو ڕووداوانەدا، ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت ئەو کاتە قاسمی سلێمانی سەرکردەی هێزی قودس لەوێ نەبووە و نازانێت ئەگەر لە بەغدا بووبێت و دەشڵێت نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە قاسمی سلێمانی بە فەرمی ڕاوێژکارە لە حکومەتی عێراقدا و دەشڵێت چوار ساڵە قاسمی سلێمانی شەڕی دژی داعش دەکات لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا و یەکەم جاریش قاسم سلێمانی و ئەو 60 بۆ 70 کەسەی لەگەڵیدا بوون لە هەولێر بوون و کاک مەسعود خۆی سوپاسی کردوون.
لەسەر تەواوی ڕەوشی هەرێمی کوردستانیش ئاراس شێخ جەنگی نایشارێتەوە کە پێشبینی خراپی هەن بەڵام ناڵێت چین.
لەم وتووێژەیدا ئاراس شێخ جەنگی باسیش لە ڕەوشی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دەکات و هەروەهاش چۆنیەتی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا و جەختیش دەکاتەوە لەوەی پێویستە دەمووچاوەکانی ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی هەرێم بگۆڕدرێن وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی هەرێمی کوردستانی عێراق.



PM:09:05:25/12/2017