نوسینگەی عەبادی لەبارەی نامەکەی نێچیرڤان بارزانیەوە ڕوونکردنەوە دەدات

نوسینگەی سەرۆک وەزیری عێراق، رەتیکردەوە نامەیەکی فەرمییان لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێگەیشت بێت و رایدەگەیەنێت کە "دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمدا پێویستی بە زەمینەسازی هەیە".


ئەمڕۆ دووشەممە 25ی کانونی یەکەمی 2017 سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە "بەغداد یوم"ی وتووە "هیچ نامەیەکی فەرمیمان لە نێچیرڤان بارزانییەوە بەدەست نەگەیشتووە" دوپاتیشی کردەوە "هیچ مەرجێکمان نییە بۆ گفتوگۆ، بەڵام دەستورێک هەیەو پێویستە هەمووان پێوەی پابەند بن".

وتیشی "سەروەری وڵاتی عێراق بەندە بە هەموو خاکەکەیەوە و ناوچە سنوریییەکانیش بەشێکن لەو سەروەرییە، بەوەش بڕیارێک لە حکومەتەوە دەرکرا بۆ جێبەجێکردنی سەروەرییەکانی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ئاسایشی ئەو ناوچانە".

حەدیسی ڕوونیشیکردووەتەوە، سەبارەت بەو بیرە نەوتانەی دەکەوێتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوانە بیرە نەوتی عێراقە و شتێکی تایبەت نییە بە هەرێمەوە، هەر وەکو چۆن بیرە نەوتەکانی بەسڕە بۆ هەموو عێراقە نەک تەنیا پارێزگای بەسڕە، لەبەر ئەوە دەبێت بخرێنە ژێر دەسەڵاتی بەغداوە".

نوسیگەی حەیدەر عەبادی دوپاتیشی دەکاتەوە کە ناکرێت نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی لەڕێگەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکانەوە وەڵامی یەکتر بدەنەوە و دەڵێت "پێویستە گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم".

ئەو ڕوونکردنەوەیەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ رۆژنامەی "رووداو"ی نزیک لە پارتی بڵاویكردەوە، نێچیرڤان بارزانی نامەیەكی فەرمی ئاراستەی حەیدەر عەبادی كردووە و داوای كردووە كە ناكرێ‌ لە رێگای كۆنگرەی رۆژنامەوانی وەڵامی یەكدی بدەنەوە، دواجار دەبێ‌ كێشەكان بە دانوستاندن چارەسەر بكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراق وەڵامی نامەكەی نەداوەتەوە.



PM:10:44:25/12/2017