"پلانەكانی پەكەكە و پارتی مەترسیدارن"

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەكەكە بە پلانێكی ئیسرائیلی دەزانێت و ڕاشیدەگەیەنێت "مەسعود بارزانی بە هاوكاری ئیسرائیل لە باكووری عێراق هەرێمێكی پێكهێناوە".

ئەسكەندەر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەكەناڵی "نەهرەین"ی راگەیاند، پێكهێنانی هەرێمی قەندیل لەلایەن پەكەكەوە پێویستە پوچەڵ بكرێتەوە و ئەوەشی بە پلانێكی "مەترسیدار" بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەكە زانی و وتیشی "مەسعود بارزانی بە هاوكاری ئیسرائیل لە باكووری عێراق هەرێمێكی پێكهێناوە و ئەو هەرێمە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر عێراق و هەموو ناوچەكە دروست دەكات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بارزانی بانگەشەی ئەوە دەكات كە دژی پەكەكەیە، بەڵام ئەو پەكەكە پڕ چەك دەكات‌و هێزەكانی پەكەكەی ڕەوانەی كەركوك كردووە هەر ئەوە كە لە رێگەی هێزەكانیەوە هێرشی كردۆتەسەر دوزخورماتوو.

پێشیوایە حكومەتی عێراق دەبێ بە هاوكاری و هاوئاهەنگی توركیا پەكەكە ببەزێنێت و پلانی پێكهێنانی هەرێمی كوردی نوێ لە عێراقدا بەرەو ڕووی شكست بكاتەوە و دەڵێت "ئامانجی بارزانیش لەپێكهێنانی ئەو هەرێمە نوێیە، تێكدانی ئاسایشی عێراق ‌و ناوچەكەیەو ئەوەش لە پێناو پلانی ئیسرائیلە".

پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكیدا بە ئامادەبوونی زیاتر لە 300 كەسایەتی سیاسی، پێكهێنانی ئەنجوومەنی جەماوەری لە چیای قەندیل ڕاگەیاند و بڕیارە ئەو ئەنجوومەنە بە سەر ئیدارەی ناوچەكانی باڵییان، ناودەشت، سوورەدێ، قەڵاتوكان و ماردۆ چاودێری بكات و ژنان پشكی شێری ئیدارەی ئەو خۆبەڕێوەبەرایەتیەیان بەردەكەوێت.



PM:02:16:26/12/2017