كچێك له هه‌ولێر ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی و وێنه‌ی ڕووتی له‌لایه‌ن كوڕێك كه به‌ناوی خۆشه‌ویستییه‌وه له‌ڕێی تۆڕیی كۆمه‌ڵایه‌تی فهیسبووكهوه ناسیویه‌تی، به‌ڵام فه‌یسبووكه‌كه‌ی ساخته بووه و به ناوی خوازراو بووه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بن به‌خۆشه‌ویست و ئه‌و كچه چه‌ندان وێنه و گرته‌ی ڤیدۆیی ڕووتی بۆ ده‌نێرێت، كوڕه‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌كات، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توندوتیژیی دژی دژنان چوونه ناو كێشه‌كه و چاره‌سه‌ریان كرد.
كچێكی ته‌مه‌ن ١٩ ساڵ كه قۆناغی یه‌كه‌می زانكۆیه، له ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ كوڕێك دروست ده‌كات كه نازانێت ناوی ڕاستی چییه و كێیه و له كوێیه، دوای ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وامبوون له قسه‌كردن له‌ڕێی چاته‌وه، ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ده‌گۆڕنه‌وه و پێوه‌ندییان زیاتر ده‌بێت، كار ده‌گاته ئه‌وه‌ی كچه‌كه وێنه و ڤیدیۆی رووتی خۆی بۆ ده‌نێرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و وێنه و گرتانه ده‌بنه مۆته‌كه و ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ئه‌و كچه ده‌خه‌نه ناو دۆخێكی وێنا نه‌كراو.
ڕێباز زێوه‌ر نه‌قیبی مافپه‌روه‌ر و وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنانی هه‌ولێر، سه‌رپه‌رشتی كه‌یسی ئه‌و كچه ١٩ ساڵه‌ی كردووه و به چاره‌سه‌ری گه‌یاندووه، بۆ ماڵپەڕی "وشه" باسی كێشه‌ی ئه‌و كچه و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی كردووە و دەڵێت "ڕۆژانه حاڵه‌تی ههڕهشهكردنمان بۆ دێت له‌ڕێی ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه و له بنبڕكردن نایه‌ن، چونكه پێویسته كچان خۆیان زیاتر ئاگادار بن".
رێباز زێوه‌ر ئاماژه‌ی به ساتی یه‌كه‌می بینینی ئه‌و كچه قوتابییه كرد كه له‌گه‌ڵ دایكی سه‌ردانی كردوون و به‌وته‌ی ئه‌و، به‌شێوه‌یه‌ك ڕووخابوو له كۆتای ژیانی ده‌چوو، بۆیه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌بوو ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كرایه، زێوه‌ر ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه‌ی خسته‌ڕوو به‌وه‌ی "كچه‌كه له‌ڕێی فهیسبووكهوه ئه‌و كوڕه‌ی ناسیوه، به‌ڵام هه‌موو زانیارییه‌كانی كه له‌لای بوو له‌باره‌ی كوڕه‌كه هه‌ڵه بوو، چونكه ئه‌و كوڕه هیچ زانیارییه‌كی ڕاستی خۆی پێ نه‌گوتبوو، ته‌نانه‌ت به ته‌له‌فۆنی بێ ناسنامه (علوج) قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردبوو، فهیسبووكهكهیشی هه‌موو زانیاریی هه‌ڵه و وێنه‌ی خۆیشی له‌سه‌ر نه‌بوو، بۆیه دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه قورس بوو".
ئه‌و كچه له‌لای دایكی ڕاستی كێشه‌كه‌ی باس نه‌كردووه و ته‌نیا وتوویه‌تی له‌لایه‌ن كوڕێكه‌وه له زانكۆ فه‌یسبووكم هاك كراوه و وێنه‌كانم براوه و هه‌ڕه‌شه‌م لێ ده‌كات، بۆیه به‌بێ ئاماده‌بوونی دایكی كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌موو ڕاستییه‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌دركێنێ.
نه‌قیب رێباز ده‌یگێڕێته‌وه كه به‌هۆی گومانی كچه‌كه له كوڕێكی هاوپۆلی خۆی، توانراوه بگه‌ن به‌و كوڕه‌ی كه بووه مایه‌ی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانی، دوای به‌دواداچوون توانرا شوێنی كاركردن و ناونیشانی ماڵ و هه‌موو زانیارییه‌ك له‌باره‌ی كوڕه‌كه كۆبكرێته‌وه، پاشان هه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان به ئاماده‌بوونی كچ و كوڕه‌كه كێشه‌كه‌مان چاره‌سه‌ر كردووه.
ڕێباز زێوه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ئه‌و كوڕه سه‌ره‌تا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆی بێبه‌ری ده‌كرد له‌و كاره، به‌ڵام دواتر به‌ڵێننامه‌ی پێ پڕكرایه‌وه كه هیچ كارێكی نه‌شیاو به‌رامبه‌ر ئه‌و كچه نه‌كات و له‌كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێكی پێچه‌وانه‌دا ڕووبه‌ڕووی سزای یاسایی ده‌بێته‌وه، دوای به‌دواداچوون به‌ماوه‌یه‌كی زۆر بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌و كوڕه خۆی بوو، بۆیه هیچ كرده‌وه‌یه‌كی نه‌شیاو به‌رانبه‌ر كچه‌كه نه‌كرا و تا ئێستاش له‌ژێر چاودێریدان بۆ پاراستنی ژیانی ئه‌و كچه".
ئێسته كچه‌كه له زانكۆ درێژه به ساڵی دووه‌می خوێندنی ده‌دات و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانی نه‌ماوه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆل و كۆلیژه‌ی لێ بووبوو به ئه‌ژدیها و ساڵێكی پڕ له مه‌ینه‌تی و دڵه‌ڕاوكێی تێدا به‌ڕێ كرد.
ڕێباز زێوه‌ر نه‌قیبی مافپه‌روه‌ر به باشی ده‌زانێت كچان وردتر بن له چۆنیه‌تیی پەێوهندییهكانیان و بزانن تا چ خاڵێك ڕێ پێدراون بچنه پێشه‌وه له كوڕ، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتادا ڕووبه‌ڕووی كێشه نه‌بنه‌وه كه چاره‌سه‌ری زۆر ئه‌سته‌م و هه‌ندێك جار به تێكچوون و تێچوونی زۆر شت كۆتای دێت.
زێوه‌ر دەڵێت "ئه‌و ژنانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی ناكه‌ن، پێویسته له‌وه ئاگاداربن كه له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌دا هه‌موو كێشه‌یه‌كیان به چاره‌سه‌ر ده‌گات ته‌نانه‌ت بێئه‌وه‌ی خێزانه‌كانیان ئاگادار بكرێنه‌وه له جۆری كێشه‌كه، چونكه ئێمه له‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌دا مه‌به‌ستمان پاراستنی شكۆ و كه‌سایه‌تیی كچ و ژنه".