مەلا بەختیار: كۆبونەوەی نهێنی ‌و ئاشكرای جۆراوجۆر ئەنجام دراون

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ڕایدەگەیەنێت، لەم هەفتەیەدا كۆبونەوەی نهێنی ‌و ئاشكرای جۆراوجۆر ئەنجام دراون و دەڵێت "ئێستا بەغدا باشتر ئامادەیە بۆ دانوستاندن و حكومەتی هەرێمیش خۆی سازدەدات".


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"لەم هەفتەیەدا كۆبونەوەی نهێنی ‌و ئاشكرای جۆراوجۆر ئەنجام دراون و ئومێد هەیە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا چارەسەر بن".

مەلابەختیار ئاماژەی بەوەش داوە،ئێستا بەغدا باشتر ئامادەیە بۆ دانوستاندن و حكومەتی هەرێمیش خۆی سازدەدات، بڕیاریشە وەفدێكی پەرلەمان سەردانی بەغدا بكات.

هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەسەر بنەمای ئەو كۆبونەوانە، چیتر بەڕەسمی شەڕ لەنێوان هێزەكانی عیراق‌ و پێشمەرگە رونادات.
نوسیویشیەتی"كێشەی دەروازە سنوریەكان ‌و گومرگ‌ و فڕۆكەخانەكانیش وردتر بیر لە چارەسەركردنیان دەكرێتەوە، دوای ئەو چارەسەرانە، بەرنامەی چارەسەری بودجە و موچە و ناوچە كێشە لەسەرەكانیش دەستپێدەكات".

مەلا بەختیار جەختی لەوەش كردۆتەوە، حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بە گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرجەم لایەن و فراكسیۆنەكاندا بۆچونێكی هاوبەش دەربارەی چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكان بۆ وەفدی دانوستانكار گەڵاڵە بكەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ "سپی" وەک یەکەم دەزگای میدیایی  لەزاری سەرچاوەیەکەوە ئەوەی ئاشکراکرد کە قاسمی سلێمانی دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرسانی یەکێتیشدا کۆبووەوە و بەرپرسانی کورد بەتایبەت پارتی بە قاسمی سلێمانیان ڕاگەیاندووە کە "ئامادەن بۆ پێکهێنانی دەستەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوریەکانی هەرێمدا".

سەرچاوەکە جەختیشی لەوەکردەوە کە بەپرسانی پارتی بەوە ڕازیبوون کە هێزە عێراقییەکان ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم بچنە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپوور و ئەو دەروازانە بە هاوبەشی لەلایەن هەرێم و بەغدا بەڕێوە ببرێن.

بەگوێرەی زانیاریەکان قاسمی سلێمانی لەو ڕێگەیەوە هەوڵی ئەوە دەدات گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا دەست پێبکاتەوە و بەرپرسانی بەغداش بەم هەنگاوانە ڕازی دەست بە گفتووگۆ بکەنەوە. 

بۆ زانیاری زیاتر کلیک لەم لینکە بکە



PM:04:25:27/12/2017