هەپەگە رایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانەكانی ساڵی 2017 دا لە نێوان گەریلاكانیان و هێزەكانی سوپای توركیادا، زیاتر لە هەزار سەربازی توركیا كوژراون.
ئەمڕۆ یەك شەممە رێكەوتی 31ی كانونی یەكەم 2017 ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" لە راگەیەنراوێكدا ئاماری شەڕ و ئۆپراسیۆنەكانی ساڵی 2017 ی خستەڕوو.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەكردووە "لە ساڵی 2017 دا سوپای توركیا 113 جار ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوە".
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە تەواوی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەكانی ساڵی ٢٠١٧دا هەزار و ٥٣٢ سەربازی سوپای توركیا كوژراون.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد، كە لە ساڵی ٢٠١٧دا كۆتایی بە پەكەكە دێنن و لەناویان دەبەن، تەنانەت وەزیری ناوخۆی توركیا وتی "تا مانگی نیسان كۆتایی بە پەكەكە دێت و كەس نامێنێت ناویان بێنێت".
ك.ك