پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە "نۆ تاوانی دزیكردن"ی ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی كانونی دووەمی 2018 پۆلیسی هەولێر لە رێی پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە "دوای ئەوەی پۆلیس ئاگاداركرانەوە بە بوونی ڕووداوی دزی كردن لە پیرزین، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە كردەوەو توانی لە ماوەیەكی كەم تۆمەتبار دەستگیر بكات".
سیڤەر عومەر، بەرپرسی نەهێشتنی تاوانی بەحركە رایگەیاند "ئاگاداركراینەوە بە بوونی ڕووداوی دزیكردن لە پیرزین، دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و لە ماوەیەكی كەم توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار ئاشكرا بكەین و تۆمەتبار دەستگیر بكەین".
تۆمەتبارەكە ناوی (س. م. ق)، تەمەن (٣٦) ساڵ، دوای دەستگیركردنی دانی ناوە بە تاوانەكەی كەوا هەڵساوە بە ئەنجامدانی (٩) تاوانی دزیكردن كەوا بریتی بوون لە زێڕ و پارە و فیشەك و كەل و پەلی ئەلیكترۆنی.
پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكە رێكخراوە و رەوانەی بەردەم دادوەر كراوە، دادوەر بڕیاریداوە بە بەندكردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادان.