پێش ٧ ی کانوونی دووەم دەبێت هاوپەیمانی دیموکراتی‌و نەوەی نوێ کۆنگرەی دامەزراندن ببەستن

بەپێی یاسای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژرادنی عێراق دەبێت ئەو لایەنانەی قەوارەی نوێن و بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەکەن، دەبێت پێش ٧ ی کانوونی دووەم ٢٠١٨ کۆنگرەی دامەزراندن ببەستن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " هەر قەوارەیەکی نوێ خۆی ناونووس کردبێت بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکانی عێراقدا کە مانگی ئایار ئەنجام دەدرێت، بەپێی ئەو وادە یاساییەی دانراوە دەبێت پێش ٧ ی کانوونی دووەم کۆنگرەی دامەزراندن سازبکرێت".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەبێت پێش ٧ ی کانوونی دووەم هەردوو قەوارەی نەوەی نوێ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری کۆنگرەی دامەزراندنی خۆیان ببەستن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، هەردوو قەوارەکە دەبێت ئەنجومەنێکی دامەزراندن دەستنیشان بکەن.

لەو بارەیەوە بەرهەم ساڵح کە سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریە شەوی رابردوو لە گەشتەکەی لە دەرەوەی ولآت گەڕایەوە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ بەستنی ئەو کۆنگرەیەی قەوارەکەی.

ڕیاز بەدران سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە ڕایگەیاند "داوا لە سەرجەم حزبە سیاسییەکان دەکەین پێویستە پابەندی کاتی تۆمارکردنی تایبەت بە هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنەکان ببن، بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە دەستنیشانکراوە وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنەکان".





PM:07:20:02/01/2018